بەهۆی نەبوونی پێوەرەکانی ئەمنییەتی لە شوێنەکانی کار، لەم ڕۆژانەی دواییدا سێ کرێکار لە شارەکانی ئەهواز، ئەسفەهان و ئیلام گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ڕووداوێکدا لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی شازدەی جۆزەردانی ١٤٠٤، لە ئەهواز ڕوویدا، کرێکارێکی تەمەن ٥٨ ساڵ لە کاتی ئەنجامدانی جۆشکاری، لە قاتی حەوتەم بۆ قاتی دوو لە بینایەکی دروستکراودا کەوتە خوارەوە. ناوبراو پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
لە شاری ئەسفەهان، ئەندازیارێکی ژن بەناوی حەکیمە پەناهی، لە کاتی چاودێری پرۆژەیەکی بیناسازی لە شەقامی مهرگان، بۆ ناو چاڵی بەرزکەرەوەکە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم ڕووداوە بەهۆی نەبوونی ڕێکاری ئەمنییەتی لە شوێنی ڕووداوەکە ڕوویداوە.
هەروەها لە شاری ئیلام، کرێکارێک لە دەی جۆزەردانی ١٤٠٤، بەهۆی تەقینەوەی ماددەی تواوە لە یەکەیەکی توانەوەی کانزاکان لە شاری پیشەسازی ئەم شارە تووشی سووتانی زۆر بوو، پاش پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
شایانی باسە؛ لە ساڵی ١٤٠٣، لانیکەم ٢٠٤٢ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ١٦١١٣ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار برینداربوون.
ئێران لە بواری ئەمنییەتی کار لەنێو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی هەیە کە پلەیەکی زۆر لەخوارەوەیە.