ئەبوبەکر برائی، کرێکاری کانی بەرد خەڵکی مەهاباد، پاش چەندین ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە ڕووداوێکی کاردا گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەبوبەکر برائی تەمەن ٥٢ ساڵ، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، خەڵکی گوندی «گوک تەپە» لە شاری مەهاباد، لەکاتی ئەنجامدانی کاردا لە کانێکی ئەم شارە تووشی ڕووداو بوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەبوبەکر برائی، بەهۆی ڕەنووی بەرد سەری بە سەختی برینداربووە و یەکسەر بۆ نەخۆشخانەی مەهاباد گواسترایەوە. ناوبراو پاش چەندین ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێرییەکانی تایبەت، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، کاتی ڕوودانی ڕووداوەکە و شوێنی کانە بەردەکە ڕانەگەیەندراوە.
شایانی باسە، لە ساڵی ١٤٠٣ لانیکەم ٢٠٤٢ کرێکار لە شوێنەکانی کار لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و ١٦،١١٣ کرێکار برینداربوون. کارناسان، نەبوونی ئەمنییەتی کاری لە شوێنەکانی کاردا، لاوازی چاودێری و کەمی پشکنەرانی کار و نەبوونی بیمەی پێویست هۆکاری سەرەکی بەردەوامی ئەم ڕووداوە کارەساتبارانەیە.

