نیما مەندومی، هونەرمەندی کورد و مۆسیقاژەنی ڤایۆلن خەڵکی کامێران، زیاتر لە ١٩ ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە پارێزگای ئەلبورز دەستبەسەرکرا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هێشتا شوێنی زیندانیی و دۆخی ناوبراو نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، نیما مەندومی هاوڵاتی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی کامێران، لە ڕۆژی سێشەممە ١٨ سەرماوەزی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پارێزگای ئەلبورز دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و لەم ماوەیەدا بنەماڵەکەی لە پێوەندی تەلەفۆنی، بینینی و زانینی دۆخی یاسایی ناوبراو بێبەشبووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەستبەسەریی ئەم هونەرمەندە گەنجە پاش پشتیوانی و هاوکاری هونەری ناوبراو لەگەڵ کۆمەڵێک لە مۆسیقاژەنانی ئیسرائیلی لە کۆڕێکی مۆسیقی لە وڵاتی ئەرمەنستان ئەنجامدراوە و ئەم هاوکارییە هونەرییە بیانووی دەستبەسەریی ناوبراوە.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار نزیک بە بنەماڵەی نیما مەندومی، باوک و دایکی ناوبراو لەم ڕۆژانەی دواییدا بۆ بەدواداچوونی دۆخی کوڕەکەیان و زانینی شوێنی زیندانیی و چارەنووسی ناوبراو، ڕەوانەی تاران کران بەڵام هێشتا لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنی وەڵام نادرێنەوە.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە تۆمەتەکانی دژی، دۆخی یاسایی و شوێنی زیندانیی نیما مەندومی نادیارە.

