پرسەی ئەمیر حسام خودایاریفەرد، داریوش ئەنساری بەختیاروەند و خوداداد شیروانی مونفەرد، سێ هاوڵاتی لە قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە شارەکانی کۆدەشت، فولادشار و مرودەشت، لە کەشێکی ئەمنیی و بە سنوورداریی، گوشار لەسەر بنەماڵەکان و بوونی هێزێکی فراوانی ڕژیم بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری لە ئێران بەردەوامە، پرسەی سێ هاووڵاتی کە لەم ناڕەزایەتیانەدا گیانیان لەدەستداوە، بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی ئامادەبوونی هاووڵاتیان و ڕاپۆرتەکانی تێکهەڵچوونی هێزەکانی ڕژیم لەگەڵ بەشداربووان بووە.
لە شاری کودەشت لە پارێزگای لوڕستان، بە ئامادەبوونی هێزەکانی ڕژیم پرسەی ئەمیر حسام خودایاریفەرد بەڕێوەچوو و بە پێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیانی بەشداربووی ئەم ڕێوڕەسمە. بە وتەی شایەتحاڵان، هەوڵەکانی هێزەکانی ڕژیم بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ڕێوڕەسمەکە بە کاردانەوە و بەرخۆدانی خەڵک و بنەماڵەی گیانبەختکردوو و لە ڕێوڕەسمەکەدا گرژی دروست بوو.
ئەمیر حسام خودایاریفەرد، هاوڵاتیەکی خەڵکی شاری کودەشت، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی جەماوەریدا کوژرا.
لە شاری فولادشاری پارێزگای ئیسفەهان، ڕێوڕەسمی پرسەی داریوش ئەنساری بەختیاروەند بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانبار لە کەشێکی سەختی ئەمنیی و بە ئامادەبوونی سنوورداری ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بنەماڵەی گیانبەختکردوو، لەژێر فشاری هێزەکانی ڕژیم، ناچاربوون ڕاگەیەندراوێک بڵاوبکەنەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بەشداری نەکەن لە مەراسیمەکەدا بەهۆی هۆکاری ئەمنی.
داریوش ئەنساری بەختیاروەند، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری فولادشار، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بە تفەنگی کڵاشینکۆف کوژرا و پێش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەکانی ناوخۆیی باسیان لە زیادبوونی هێزەکانی ڕژیم لە شاری فولادشار کردووە، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان و ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەو شارە.
لە شاری مرودەشت لە پارێزگای فارس، ڕۆژی هەینی ڕێوڕەسمی پرسەی خوداداد شیروانی مونفەرد، یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار بەڕێوەچوو. خوداداد شیروانی مونفەرد تەمەن ٣٣ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و هاوڵاتی لوڕ خەڵکی مرودەشت، ئێوارەی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژرا. بەگوتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، لە مەودای نزیکەوە بە چەکی ساچمەیی کراوەتە ئامانج و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمەکەدا بانگەواز لە سۆشیال میدیا بڵاوکرابوویەوە بۆ بەشداریکردنی بەربڵاوی هاوڵاتیان و پشتیوانی بۆ کەسوکاری ئەم گیانبەختکردووە.
ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ بەفرانباری ١٤٠٤، بە مانگرتنی دووکانداران لە تاران دەستی پێکرد، تا ئێستاش بەردەوامن و بەپێی ڕاپۆرتەکان لانیکەم لە ٣٢ شاری پارێزگاکانی وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە.

