سێ چالاکوانی مافی ژنان بە ناوەکانی “شەهرزاد ڕەزایی”، “عەتیە گوڵچینی” و “مەرزیە مورادوەیسی” بە زەمانەت بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی پرۆسەی دادگایی ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١١ی رێبەندانی ١٤٠٤، شەهرزاد ڕەزایی، عەتیە گوڵچینی و مەرزیە مورادوەیسی، سێ چالاکوانی مافی ژنانی خەڵکی شاری سنە کە لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوون، دوای تێپەڕبوونی قۆناغە سەرەتاییەکانی لێپرسینەوە و پێکهێنانی پرۆسەی دادگایی، بە دانانی بارمتە و بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کران. وردەکاریی تۆمەتە باسکراوەکان و ڕێژەی وردی زەمانەتە دیاریکراوەکان لەلایەن دەزگا دادگاییەکانەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیەنراوە.
پێشتر، مەرزیە مورادوەیسی و عەتیە گوڵچینی بە شێوەیەکی جیا لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە لە سنە دەستبەسەر کرابوون و بۆ ماوەیەک هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لە بەردەستی خێزان و نزیکەکانیاندا نەبوو. مەرزیە مورادوەیسی لە ئەندامانی کەمپەینی خێرخوازیی “ژیانەوە”یە و بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، پێشتریش مێژووی دەستبەسەرکران و دەرکردنی سزای دادگاییی هەبووە.
هەروەها شەهرزاد ڕەزایی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵەتایبەتەکەی خۆیدا و بەبێ بوونی بڕیاری دادوەەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە. ئەم چالاکوانە مەدەنییە پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانییەوە لە ماوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژینا”دا مێژووی دەستبەسەرکرانی هەبووە.
سەرەڕای ئازادی کاتیی ئەم سێ چالاکوانی مافی ژنانە، پرۆسەی دادگاییان هێشتا کراوەیە و بەدواداچوونە دادگاییەکانی دژ بەم هاووڵاتیانە بەردەوامە.

