
قسەکانی ڕەزا پەهلەوی سەبارەت بە «یەکپارچەیی وڵات» و دانانی هێڵی سوور بۆ داهاتووی سیاسی ئێران و کوردستان، درێژەی هەمان ڕوانگەی ناوەندگەرا و دەسەڵاتخوازانەیە کە لە مێژووی نوێی ئێراندا چەندین جار بەرامبەر بە مافی چارەنووسی گەلان وەستاوەتەوە.
گەلی کورد زیاتر لە سەد ساڵە بۆ ناساندنی ناسنامە، زمان و ئیرادەی سیاسی خۆی خەبات دەکات. لە سەردەمی دیکتاتۆریەکانی ڕەزاشا و محەمەدڕەزا پەهلەوی، سیاسەتی رەتکردنەوەی سیستماتیکی ناسنامەی نەتەوەیی، قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی و سەرکووتی خوێناوی هێزە سیاسیەکان لە کوردستان جێبەجێ کرا. داواکاری سەربەخۆیی و بەشداریی یەکسان، بە زەبر و زەنگ و لەشکرکێشی سوپا و بە ئەمنییەتی کردن وەڵام درایەوە و «یەکگرتوویی» ئامرازێک بوو بۆ لابردنی دەنگە جیاوازەکان.
پاش ڕووخانی رەزا شای پەهلەوی، کۆماری ئیسلامی هەمان ڕێگەی بە شیدەتێکی زۆرتر درێژە پێدا. فەتوای جیهادی خومەینی دژی کوردستان لە ساڵانی یەکەمی پاش شۆڕشدا، بەئاشکرایی ڕاگەیاندنی شەڕێک بوو دژی گەلێک کە شوورا، بنکە، حیزبەکان و دامەزراوە جەماوەرییەکانی خۆی ئەڕاستە کردبوو و داوای بەڕێوەبردنی دیموکراتیکی چارەنووسی خۆی دەکرد. ئەو فەتوایە نەک وەڵامێک بە توندوتیژی، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ تێکشکاندنی ئەزموونێکی شۆڕشگێڕانە و سەربەخۆ کە لە کوردستان خەریکی بوو شکڵی دەگرت.
مافی دیاریکردنی چارەنووس، مافێکی بنچینەیی و ئەساسییە کە لە بەڵگەنامەکانی نێونەتەوەییەکاندا ناسراوە. ئەم مافە واتای بەیەکەوە ژیان نییە، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەسەر داواکارانەبوونی هەر چەشنە پێکەوە ژیانێکی سیاسی. جەماوەرێک کە بە ئازادی و بە سەربەخۆیانە بڕیار بدەن، دەتوانن شێوەزانی پەیوەندی خۆیان بە ئازادی دیاری بکەن. ڕەتکردنەوەی ئەم مافە، لە کردەوەدا ڕەتکردنەوەی دیموکراسییە.
کوردستانی شۆڕشگێڕ، جوگرافیایەکی بەجیزبی بوو، وشیار و سیاسییە. بەدەیان ڕێکخراویی حیزبی، چالاکیی مەدەنی و ئەزموونی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی، کردوویەتە یەکێک لە سیاسیترین ناوچەکان. لە وەها کەشێکدا، ئەو قسانەی کە بەبێ پەسەندکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەبێ بەرەسمیەت ناسینی هەمەڕەنگی نەتەوەیی دەگوترێن، جێی متمانە نین و لەلایەن بیرەوەری مێژوویی گەلی کوردەوە هەڵدەسەنگێندرێن. گەلی کورد بەباشی لەبیریانە کە هەر کاتێک دەسەڵاتێک باسی لە «یەکگرتووی» کردووە بەڵام قەت باسی لە یەکسانی نەکردووە، و ئامانجەکەشی جگە لە سەرکووت هیچی تر نەبووە.
ئێمە لە کۆڵبەرنیوز لەسەر ئەو بڕوایەین کە پێکەوەژیانی بەردەوام تەنیا لەسەر بنەمای یەکسانی کۆمەڵایەتی، سڕینەوەی هەڵاواردنی نەتەوەیی و پەسەندکردنی ئیرادای ئازادانەی گەلان شکل دەگرێت. هیچ سوپایەک و هیچ هەڕەشەیەک ناتوانێت جێگای ڕەزامەندی وشیارانەی گەلان بگرێتەوە. داهاتووی ئازاد و یەکسان تەنیا کاتێک ئیمکانی هەیە کە گەلان خۆیان سەبارەت بە شێوازی دەسەڵاتداری، ئاستی سەقامگیربوونی دەسەڵات و شێوەی پەیوەندیی سیاسی بڕیار بدەن.
لە کۆتاییدا جەختدەکەینەوە کە سەردەمی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان لە سەرەوەوە کۆتایی هاتووە. کوردستان بە بیرەوەری خەباتی خۆی، بە ئەزموونی خۆڕێکخستن و بە وشیاری سیاسی خۆی، ئیجازە نادات کە جارێکی تر مافەکانی لەبەرچاو نەگیرێت. هەر ڕەوتێک کە بیەوێت ئیرادای گەلی کورد لەبەرچاو نەگرێت یان پشتگوێبخات، بەرەوڕووی خۆڕاگرییەکی بنەڕەتی و ڕێکخراو دەبێتەوە. ئەمە ڕاستییەکە کە گەلێکجار مێژووی کوردستان سەلمادوویەتی.
دەستەی بەڕێوەبەری کۆڵبەرنیوز

