
قەیرانی سیاسی لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی لە ئاست دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی ژیانی زۆرینەی خەڵک بێتوانایە. هەزینەی لەڕادەبەدەر، ژیانی چەند هێندە لە ژێر هێڵی هەژاریی، بێکاریی و نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، قەیرانە ژینگەییەکان و داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، «ژیانێکی ئاسایی»یان کردووە بە خەون و خولیایەکی وەدینەهاتوو. بەڵام کێشەکە تەنیا پرسی بژێوی نییە. حکوومەت بە پێداگری لەسەر سیاسەتەکانی تا ئێستای بەرامبەر بە ئەمریکا و بەردەوامبوون لەسەر پڕۆژە بێ کەڵک و پڕ تێچووەکان، تەنانەت ئەمنییەتیشی لە ژیانی خەڵک زەوت کردووە. کۆمەڵگەیەک کە لە لایەکەوە لەژێر زەختی هەژاری و نایەکسانیدا پشتی چەماوەتەوە و لە لایەکی ترەوە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لەگەڵ مەترسیی شەڕ و نائەمنی بەرەوڕوو دەبێتەوە، سروشتییە کە جگە لە ڕووخانی ئەم ڕژێمە بیر لە هیچ شتێکی تر نەکاتەوە.
هەڵسوکەوتی حکوومەت لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١ و هەروەها ڕاپەڕینی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران لە بەفرانباری ١٤٠٤، زیاتر لە هەر کاتێکی تر ئەو ڕاستییەی دەرخست کە کۆماری ئیسلامی نە دەتوانێت و نە دەشەوێت وەڵامی ئەرێنیی داواکارییەکانی خەڵک، واتە ئەو داواکارییانەی کە لە شەقام و لە ناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەدا دەخرێنەڕوو، بداتەوە، بەڵکوو وەڵامی سەرەکی بریتیبووە لە سەرکوت، کوشتاری بەکۆمەڵ، هەڕەشە، کۆنترۆڵی ئەمنی و بەستنی ڕێگاکانی دەربڕینی ئاشتییانەی ناڕەزایەتی. ئەم ئەزموونە مێژووییە، کۆمەڵگەی بەو قەناعەتە گەیاندووە کە «گۆڕانکاری ڕاستەقینە» تەنیا بە گوشاری شەقام دەستەبەر نابێت، بەڵکوو پێویستی بە گەشەپێدانی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهێنانی دامەزراوەی بەردەوامی پیادەکردنی ئیرادەی جەماوەر هەیە، دامەزراوەگەلێک کە بتوانن هەم نوێنەرایەتیی ویست و داخوازییە داواکاری تەوەرەکان بکەن و هەم لە بارودۆخی قەیرانیدا، بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بگرنە دەست.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە خودی کۆماری ئیسلامییە کە یاساکانی خۆیشی بردووەتە ژێر پرسیار. لە بارودۆخێکدا کە دامەزراوە فەرمییەکان یەک لە دوای یەک لاواز و بێدەسەڵات دەبن یان تەنیا لە فۆرمێکی ڕاڵەتیدا دەمێننەوە، لە کردەوەدا جگە لە سپای پاسداران، کە هەم دەسەڵاتی ئابووری و ئەمنی هەیە، هەم لە سیاسەتدا خاوەن بڕیارە و هەم لە زۆر شوێندا وەک یاسادانەر و جێبەجێکار هەڵسوکەوت دەکات، هیچ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەی بەرپرسیار لە ئارادا نییە. کاتێک «یاسا» دەبێتە ئامرازێک بۆ پاساوکردنی دەسەڵات و خودی پێکهاتەی دەسەڵات بێکاریگەری دەکات، کۆمەڵگە ناچار دەبێت بەرەو جۆرەکانی تری مەشروعییەت و بەڕێوەبردن هەنگاو بنێت، مەشەروعییەتێک کە بنەماکەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ، بەرپرسیارێتی و کۆنترۆڵکردن لە خوارەوە بێت. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە مانا بە بابەتی «دەسەڵاتدارێتی شۆڕایی » دەبەخشێت. دامەزراوەگەلێک کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن و خەڵک پێکیان دەهێنێت و هەر خەڵکیش دەتوانن لایان ببەن.
لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ئێران لە لێواری شەڕدایە لەگەڵ ئەمریکا (ئەگەر تا کاتی خوێندنەوەی ئەم بابەتە شەڕ دەستی پێ نەکردبێت)، شەڕ تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت، لێکەوتەی قورسی لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت. لەوانە هەژاری، کۆچبەری، داڕمانی خزمەتگوزارییەکان، سەرکوت و ئەمنیکردنی تەواوی کۆمەڵگە. بەڵام لە هەمان کاتدا شەڕ زۆرجار ڕژێمەکان لاوازتر و ناسەقامگیرتر دەکات. ئەنجامی چاوەڕوانکراو ئەوەیە کە دوای شەڕ، یان لە کاتی شەڕدا، لەگەڵ ڕژێمێکی لاوازتر لە ئێستا بەرەوڕوو دەبینەوە، ڕژێمێکی کە هەرچی زیاتر توانای بەڕێوەبردنی وڵات و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان، لە لەدەست دەدات.
شکستی سەربازی یان لاوازبوون بەهۆی شەڕەوە، مەرج نییە ڕێک بە واتای ڕووخانی دەستبەجێی ڕژێم بێت، بەڵام دەتوانێت شیرازەی کاروباری لەدەست دەربهێنێت و بۆشایی دەسەڵات دروست بکات. واتە خەڵک بکەونە دۆخێکەوە کە خۆیان ڕاستەوخۆ دەست بدەنە بەڕێوەبردنی کاروبار و ڕێکخستنی ژیانیان، واتە ڕژێم ڕوو لە شکست بێت بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری، توندوتیژیی لێرە و لەوێ، دەستێوەردانی هێزە چەکدارە نابرپرسیارەکان و ململانێی وێرانکەری گروپەکان. تەنیا ڕێگە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ئاوا قۆناغێک ئەوەیە کە خەڵک پێشەوەختە ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی خۆیان ئامادە بکەن. میکانیزمەکانی بڕیاردانی بەکۆمەڵ، دابەشکردنی سەرچاوەکان، ئاسایشی گەڕەک، پێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پێویستەکان و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ئیرادەی گشتی، لە زومرەی ئەو ئەرکانەن کە دەکەونە ئەستۆی ئەم ئامرازانە.
ئەم بارودۆخە لە کوردستان، لەو شوێنەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی تیایدا گەشەی کردووە و خەڵک ئەزموونی جۆرەکانی خۆڕێکخستنیان لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە و جیا لەوەش هاوپشتیی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی بەرزدایە، دەتوانێت ئەنجامی جیاواز، باشتر و یان لانیکەم کەمزیانتری هەبێت. بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مێژووی ڕێکخراوەیی، نەریتی هەرەوەزی و پشتبەستن بە هێزی بەکۆمەڵ، لە زومرەی ئەو توانایانەن کە لە کاتی قەیراندا دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ پێکهێنانی خێرای دامەزراوە جەماوەرییەکان و کەمکردنەوەی تێچووە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان. بە واتایەکی تر، ئەوەی لە زۆر ناوچەدا ڕەنگە ببێتە هۆی پشێوی و ناسەقامگیری، لە کوردستان ئەگەر بە دروستی ڕێک بخرێت، دەتوانێت بەرەو شێوازێک لە نەزمی جەماوەری و بەڕێوەبردن لە خوارەوە هەنگاو بنێت.
ئەوەی دەبێت بەردەوام جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە خەڵک دەتوانن و هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە جگە لەوەی کە بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی خۆیان بگرنە دەست. ئەم کارە بە ئومێدەواربوون بە گۆڕانکاری لە سەرەوە ڕوونادات، بەڵکوو بە دروستکردنی دامەزراوەی ڕاستەقینەی جەماوەری لە خوارەوە، دەبێتە هەنگاوێکی کردەیی. ئەگەر ئەم دامەزراوانە بەجۆرێک لە جۆرەکان بوونیان هەیە، دەبێت گەشەیان پێ بدرێت و جەماوەریتر بکرێنەوە. شۆڕاکانی گەڕەک بۆ پرسەکانی ڕۆژانە و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکان، شۆڕای کاسبکاران و بازاڕییەکان بۆ ئابووریی خۆجێیی و دابینکردنی کاڵا و پێداویستییەکان، شۆڕای موعەلیمان بۆ پەروەردە و مافی منداڵان، شۆڕا کرێکارییەکان لەناو کارگە و کارخانەکان بۆ بەرگریکردن لە بەرهەمهێنان و بژێوی خەڵک و بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی کار، شۆڕا و ئەنجومەنە خوێندکارییەکان بۆ ڕێکخستنی زانکۆ و گرێدانیان بە کۆمەڵگەوە، ئەمانە هەنگاوی یەکەمن. هەنگاوی دواتر، بریتییە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی ئەم دامەزراوانە لە ئاستی شار و ناوچەکان و شکڵ پێدان بە شێوازە پێشکەوتووتر و گشتگیرترەکانی دەسەڵاتی خۆیان.
لەو پەیوەندییەدا دەبێ وەڵامی دوو پرسیار بدرێتەوە: یەکەم، ئەوەی کە ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکان لەم پرۆسەیەدا چییە؟ دووەم، چەک چ جێگە و پێگەیەکی دەبێت؟
حیزبە سیاسییەکان دەتوانن ڕۆڵی کەم یان زۆر بگێڕن، بەڵام نەک بەو مانایەی کە خۆیان لە جێگای خەڵک دابنێن، بەڵکوو لە ڕێگەی دامەزراوە جەماوەرییەکان و ڕادەی ڕۆڵ و کاریگەری هەر حیزبێک، جێگە و پێگە و نفوزی ڕاستەقینەیان لەناو خەڵکدا و توانایی بە قەناعەت گەیاندن، ڕێکخستن و پێشکەشکردنی بەرنامەوە. حیزب دەتوانێت پڕوپاگەندە بۆ بەرنامەکەی بکات، کادر پەروەردە بکات، لە شۆڕاکاندا بەشدار بێت و لە کێبڕکێیەکی دیموکراتیکدا بۆ بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینە، هەوڵ بدات، بەڵام بڕیاری کۆتایی دەبێت لە دەستی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکدا بێت.
لە بواری چەکدا، پێویستە بەرچاوڕوونییەکی تەواو هەبێت: واتە چەک نابێت لە دەستی هێزە هەڵنەبژێردراو و نابرپرسیارەکاندا بمێنێتەوە. چەک دەبێت لەژێر دەسەڵاتی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکدا بێت، واتە هەر ئەو دامەزراوانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێکردن. حیزبە چەکدارەکانیش دەبێت بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە چەکەکانیان ڕادەستی ئەم دامەزراوانە بکەن، تا ئاسایش و ئەمنییەت لە دەسەڵاتی گروپییەوە بگوازرێتەوە بۆ کۆنترۆڵی گشتی و ئەگەری دروستبوونی دەسەڵاتی هاوتەریب لەناو بچێت.
خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٧دا، لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی شا، لە شارە جیاوازەکان و زۆرێک لە گوندەکاندا بە خێرایی ئەم جۆرە دامەزراوانەیان پێک هێنا. لە شارێکی وەک سنە ئەم دامەزراوانە چەکدار بوون و ساڵێک دواتر بوونە هێزی بەرگریی و بەرخۆدان لە بەرامبەر هێرشی سەربازیی کۆماری ئیسلامی. ئەمڕۆ دوای ٤٧ ساڵ، ئەم ئەزموونە نەک هەر لە یادەوەریی مێژوویی خەڵکدا نەسڕاوەتەوە، بەڵکوو هەم لە ڕووی وانەکانی ڕێکخستن و هەم لە ڕووی ناسینی مەترسییەکانی حیزبە چەکدارەکان و گرووپە نابرپرسیارەکان، دەوڵەمەندتر بووە. هەر ئەم یادەوەرییە بەکۆمەڵە دەتوانێت سەرمایەیەک بێت بۆ داهاتوویەک کە تێیدا خەڵک، نەک تەماشاکەری گۆڕانکارییەکان، بەڵکوو دروستکەر و بەڕێوەبەری ژیانی خۆیان بن.
دەسەڵاتی جەماوەریی (شۆڕایی) وەڵامێکە بۆ قەیرانی قووڵی سیاسی، بێدەسەڵاتیی حکوومەت لە دابینکردنی ژیان و ئاسایش و میلیتاریزە کردنی وڵات و ئەگەری چوونە ناو قۆناغێکی لاوازبوونی ڕژێم و بۆشایی دەسەڵات. ئەگەر کۆمەڵگە دەیەوێت لەناو دڵی قەیرانەوە بگاتە ئازادی، یەکسانی و ئاسایشی بەردەوام، دەبێت هەر لە ئێستاوە دامەزراوە ڕاستەقینەکانی بەڕێوەبردن لە خوارەوە پێکبهێنێت: شۆڕاکانی گەڕەک، ناوەندەکانی کار، پەروەردە و زانکۆ و، ئەوانە بکات بە تۆڕێکی سەرتاسەری لە نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆ و بەرپرسیارێتی. داهاتوویەکی کەمتێچووتر و مرۆڤانەتر، هەر لەم ڕێگەیەوە تێدەپەڕێت.
