
محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ مەعرووفی، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا، دوای پەسندکردنی سزای سێدارەکەیان لە دیوانی باڵای وڵاتدا، لەژێر مەترسییەکی جددیی جێبەجێکردنی ئەم سزایەدان.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە جۆزەردانی ١٤٠٥دا، سزای سێدارەی محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ مەعرووفی دوای تێپەڕاندنی قۆناغەکانی دادوەری، لە دیوانی باڵای وڵاتدا پەسندکراوە و بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی لقی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە. ئەم دوو زیندانییە پێشتریش لە دوو قۆناغی جیاوازدا لەلایەن دادگاکانی شۆڕشی مەهاباد و میاندواو سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، ئێستاش بە پەسندکردنی کۆتایی سزاکەیان لە دیوانی باڵادا، نیگەرانییەکان لەسەر ئەگەری جێبەجێکردنی خێرای ئەم سزایە زیادیان کردووە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، یەکەم سزای سێدارەی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمێی ١٤٠٤دا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد دەرچووبوو. سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە لە دیوانی باڵای وڵاتدا، دۆسیەکە بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕش لە میاندواو کرا. دادگای ناوبراو جارێکی دیکە سزای سێدارەی بۆ دەرکردەوە و ئەم سزایەش لە کۆتاییدا لەلایەن دیوانی باڵاوە پەسندکرا.
محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ مەعرووفی لە ئێستادا لە زیندانی بۆکان ڕاگیراون و بنەماڵەکانیان نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەسەر ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەکەیان دەربڕیوە.
ڕەئووف شێخ مەعرووفی ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠١ و محەمەد فەرەجی ڕۆژی ٣ی ڕەشەمێی ١٤٠١، بەبێ مۆڵەتی یاسایی و سزای دادوەری لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەرکران و دوای دەستبەسەرکردنیان گوازرانەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەو ڕاپۆرتانەی لەو کاتەدا بڵاوکرانەوە دەڵێن ئەم دوو زیندانییە بۆ قبووڵکردنی تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی یەکێک لە هێزەکانی ڕژێم لە بۆکان، خراونەتە ژێر گوشاری توندی ئەمنی و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.
ئەم دوو زیندانییە سیاسییە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوە، لە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی بۆکان گوازرانەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.
هەروەها لە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣دا دەرکەوت کە محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ مەعرووفی بەبێ هەبوونی پارێزەری خۆیان، لەگەڵ تۆمەتی «گەندەڵی لە وڵاتدا» بەرەوڕوو بوونەتەوە و لەژێر مەترسیی دەرچوونی سزای سێدارەدان. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەم دوو زیندانییە لە ماوەی نزیکەی ساڵی یەکەمی دەستبەسەرکردنیاندا لە مافی بوونی پارێزەری دیاریکراو بێبەش بوون و بنەماڵەکانیشیان هیچ زانیارییەکیان لەسەر ناسنامەی پارێزەرەکانی دۆسیەکە نەبووە.
لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵی ڕابردووشدا، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان ڕێگرییان لە قبووڵکردنی بارمتە و پێدانی ئازادیی کاتی بەم دوو زیندانییە سیاسییە کردووە و ئەوان تەواوی ئەم ماوەیەیان لە دەستبەسەریدا تێپەڕاندووە.
محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ مەعرووفی لە کۆتاییدا لە ڕەشەمێی ١٤٠٤دا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتەکانی «شەڕەنگێزی» و «گەندەڵی لە وڵاتدا» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا. سزای دەرچووەکان لە ٥ی ڕەشەمێی ١٤٠٤ بە شێوەی فەرمی لە زیندانی بۆکان بە ئەوان ڕاگەیەندرا.

