
یوسف کلونکزادە، وەرگێڕ و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی ورمێ، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا بەبێ یەکلاییکردنەوەی دۆسیە دادوەرییەکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە و لە بینینی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئازادکردنی کاتی و ناوبراو پارێزەرەکەی ببینێ، تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەم بارەیەوە نەنراوە. هەروەها داواکاریی ئازادکردنی کاتیی ناوبراو بە دانانی بارمتە دژایەتی کراوە و ناوبراو هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا لە زیندانی ورمێ بەسەر دەبات.
یوسف کلونکزادە سەرەتای مانگی گوڵانی ١٤٠٥، بەبێ بڕیاری دادگا، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بەبێ ئازادکردنی کاتی، لە دەستبەسەریدا بەسەر دەبات.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە یەکێک لە گرتووخانەکان، لە کاتی لێپرسینەوەدا لە پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی بێبەش بووە. دوای گواستنەوەشی بۆ زیندانی ورمێ تا ئێستا دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەری بۆ نەڕەخساوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی یوسف کلونکزادە لەبەر دەستدا نییە و دەزگای ئەمنی و دادوەری لەم بارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

