
«هیوا عەبدوڵڵاهی»، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بوونی بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراوە و لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی مانەوە و بارودۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، هیوا عەبدوڵڵاهی لە شوێنی کارەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی دادوەری، هەوڵی دەستبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییەیان داوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتە ئەگەراییەکانی دژی هیوا عەبدوڵڵاهی بڵاو نەکراوەتەوە و دەزگا ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداود.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هاوڵاتییە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بەردەوامبوونی پەیوەندی و بینینی خێزانەکەی بێبەش کراوە، و خێزانەکەی هەتا ئێستا نەیانتوانیوە زانیاریی وردیان لەبارەی بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو بەدەست بهێنن.

