شنۆ؛ عەبدولباست باپیری دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە

عەبدولباست باپیری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی کانی سپیی سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ، لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییەی ئەم شارەدا، بەبێ بڕیاری دادگا لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژێم چوونەتە سەر ماڵی بنەماڵەی عەبدولباست باپیری و بەبێ فەرمانی دادگا، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ڕژێم لە کاتی چوونە ناو ماڵی ئەم هاووڵاتییەدا هیچ بەڵگە و بڕیاری یاساییان بۆ دەستبەسەرکردنی نیشان نەداوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن یان تۆمەتەکانی عەبدولباست باپیری لەبەر دەستدا نییە. هەروەها، بنەماڵەکەی تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگرتنی پێ نەگەیشتووە و ئەم هاووڵاتییە لە مافی هەبوونی پارێزەر و پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییەی شاری شنۆدا، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانان، چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ڕەحیم ئەرشەدی، سۆران بایەزیدی، فەخرەدین ئیبراهیمی و ڕەزا ڕەشیدنییا لە کاتی هێرشی هێزەکانی جلوبەرگی مەدەنی بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم کەسانە بەبێ بڕیاری دادگا و توندوتیژی، سووکایەتیپێکردن و لێدانی توند دەستبەسەرکراون.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەهاباد؛ محەممەد وەتمانی دوای ٢٩ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە بارمتە ئازادکرا

پ سپتامبر 17 , 2026
محەممەد وەتمانی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای ٢٩ ڕۆژ دەستبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی ڕژێم، بە دانانی بارمتە بە کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، محەممەد وەتمانی دوای تێپەڕبوونی ٢٩ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، بە دانانی بارمتە بە کاتی لە زیندانی مەهاباد ئازادکرا. بەپێی […]

بابەتی پەیوەندیدار