ئاگاداری: ئەم ڤیدیۆیە وێنەی دڵتەزێنی تێدایە
ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ڕژیم، زیاتر لە ٢٠ ئەسپی کۆڵبەران و کاسبکارانیان لە هێڵی سنووری بانە کوشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، هێزەکانی سوپای پاسداران لە کردەوەیەکی نامرۆڤانەدا زیاتر لە ٢٠ ئەسپی کۆڵبەران و کاسبکارانیان کوشتووە.
لەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بە دەستی کۆڵبەرنیوز گەیشتووە، کوشتنی ئەم ئەسپانە بە فیشەک بە ڕوونی دیارە.
کۆڵبەرنیوز جگە لە ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی و چالاکانی ژینگە و مافی ئاژەڵان، سەبارەت بەم کارەی سوپای پاسداران دەریدەبڕێت کە ئاژەڵانی باربەری کۆڵبەران تاکە سەرمایەی ئەم کۆمەڵە چەوساوەی کۆمەڵگایە
بەپێی ئەو ئامارانەی ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکاری وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ، بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.