کۆڵبەرێک بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی شاخەکانی سنوری تەتەی هەورامان، بە سەختی برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە ١٥ خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی شاخەکانی سنوری تەتەی هەورامان، بەسەختی بریندار بوە.
ناسنامەی کۆڵبەرەکە (کەریم) ٣٠ ساڵ تەمەن، خێزاندار و خەڵکی گوندی (کولیج) سەر بەلە سەوڵاوا ڕاگەیەندراوە.
شایانی باسە کە هێزەکانی ڕژێم لەم ناوچەیە لە ئاگادار کردنەوەی هێزەکانی فریاکەوتنی خێرا خۆیان بواردوە و لە کۆتاییدا خەڵکی ناوچەکە کۆڵبەرە بریندارەکەیان لە شاخ هێنایە خوارەوە و لەلایەن فریاکەوتنی پزیشکی هەورامان بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.
تا ئێستا لە دۆخی تەندروستی کۆڵبەرە بریندارەکە، هیچ زانیاریەک بەردەست نییە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.