سامان یاسین هونەرمەند و ڕاپەری ناڕەزای کورد بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوەی بۆ کرمان مەحکووم کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بە پێی ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوێک کە ئەمرۆ یەکشەمە ٢ گوڵانی ١٤٠٣ بڵاوکراوەتەوە، سامان یاسین هونەرمەندی ناڕازی و ڕاپەری کورد، هەروەها خەڵکی شاری کرماشان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی ١٥ی دادگەی ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر عەموزادە بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی شاری بابەک لە پارێزگای کرمان مەحکووم کرا.
کۆبوونەوە سەبارەت بە تۆمەتەکانی ناوبراو لە ٢٩ خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە بەشی ئاماژەپێکراو بەڕێوەچوو و بڕیارەکە لە کۆتاییدا ئەمڕۆ ٢ی گوڵان ڕاستەوخۆ بە پارێزەری ناوبراو ڕاگەیەندراوە. حسێن سەرتیپی، پارێزەری سامان یاسین دەربارەی ئەم بڕیارە ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بەم بڕارەی دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لە دیوانی گشتی دەنێرێت.
دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی ئەم هونەرمەندە ناڕەزایە، تۆمەتەکانی ناوبراو (گردبوونەوە و هاوکاری بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی حکومەت) و (هەڵگرتنی چەک بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی) ڕاگەیەندران.
سامان یاسین لە ٧ خەزەڵوەری ١٤٠١، بە تۆمەتی (شەڕ دژی خودا) لەلایەن دادگەی گشتی و ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی سەڵەواتی بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا، کە لە کۆتاییدا بڕیاری دەرکراو لە ١ بەفرانباری ١٤٠١ لەلایەن دیوانی گشتی وڵات هەڵوەشێندرایەوە.
سامان یاسین لە ١٠ ڕەزبەری ١٤٠١ بە تۆمەتی پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتیەکانی شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئەم شارە لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەرکرا و دوای لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.
شایانی باسە سامان یاسین بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر دۆخی سەختی شوێنی بەندکرانی لە بەشی ٣١ زیندانی ڕەجاییشار بە خواردنی دەرمان هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.
ئەم هونەرمەندە هەروەها لە ماوەی ١٨ مانگ دەستبەسەرکرانیدا ڕوبەڕوی زۆرێک لە ئەشکەنجەی ڕۆحی و دەروونی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بووە.