هەورامان؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی «درزیان» سەر بە شاری مەریوان، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییەکانی شاخی تەتەی هەورامان برینداربوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە ٣ گوڵانی ١٤٠٣، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری تەتەی هەورامان، کۆڵبەرێک برینداربوو.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «خەلیل پەروێزی» ٤٠ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی «درزیان» سەر بە شاری مەریوان ڕاگەیندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو بۆ چارەسەری برینەکانی، بۆ نەخۆشخانەی بوعەلی شاری مەریوان گوازرایەوە و لە ژێر چاودێری تایبەتدایە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ئێران؛ داکۆکیکاری زیندانیکراوی مافی کرێکاران، لە چاودێری پزیشکی پێویست بێبەشە

چ آوریل 24 , 2024
حکومەتی ئێران درێژە بە سیاسەتی خۆی دەدات لە ڕەتکردنەوەی چاودێری پزیشکی پێویست بۆ داکۆکیکاری زیندانیکراوی مافی کرێکاران. عوسمان ئیسماعیلی تەمەن ٦٣ ساڵ، بەهۆی پشتیوانیی لە مافی کرێکاران، چەندین جار دەستبەسەر و زیندانی کراوە. لەم دواییانەشدا لە مانگی ڕێبەندانی ٢٠٢٣، بە ١٦ مانگ زیندانی دەستبەسەرکرا دوای بەشداریکردنی لە پرسەی ژینا ئەمینی، […]

You May Like