تەرمی دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئەفشین فەلاحی و مەهدی ڕەحیمی، کە لە بەنداوی عەباساوای بانە نوقم ببوون، پاش ٩ ڕۆژ دۆزرانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆڵبەر نیوز؛ ڕۆژی شەممە، ٢۶ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١۵ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، تەرمی دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی ئەفشین فەلاحی، تەمەن ٢٢ ساڵ و مەهدی ڕەحیمی، تەمەن ٢٣ ساڵ، لەلایەن تیمێکی فەریاکەوتن لە بەنداوی عەباساوای بانە دۆزراونەتەوە.
تەرمی ئەو دوو لاوە پاش ٩ ڕۆژ نوقمبوون و بەردەوامیی هەوڵی تیمەکانی فریاکەوتنی شاری بانە، سەقز، مەریوان و سنە بۆ دۆزینەوەیان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دۆزراونەتەوە.
ئەو دوو کۆڵبەرە خەڵکی شاری سەقز بوون و ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (۶ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لە بەنداوی عەباساوای بانە نوقم بوون.