بێبەشبوونی ٦٠٠ هەزار کرێکاری بیناسازی، لە بیمەی کۆمەڵایەتی

ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز، ماڵپەڕی سیاسی پەیام نووسی کە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کرێکاری بیناسازی لە ئێران لە بیمەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بێبەشن و کرێکارانی بیمەکراویش، لەگەڵ مەترسیی بڕینی بیمەکانیان بەرەوڕوون. پەیام نووسیویەتی، بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەرکردنی فیشی بیمە، هەر شەش مانگ جارێک بە بیانووی لێکۆڵینەوە ڕادەگیرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی جۆرێک لە سەرگەردانی بۆ کرێکارانی بیناسازی و زیانێکی زۆریان پێدەگات. بەرپرسانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە بیانووی کەمبوونی بودجە، بیمەیان بە تەواوی بڕیوە یان کەمیان کردووەتەوە. کاربەدەستانی بەرپرس لە کابینەشدا بەش بەحاڵی خۆیان بە دەرکردنی کۆمەڵێک ڕێنمایی دژە کرێکاری و بە ناڕەوا، دەبنە هۆی بڕینی بەتەواوی بیمەی ئەو کرێکارانە یان کەمکردنەوەی. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە کاتێکدا کە ئەم کرێکارانە بەهۆی ئەو کارە قورس و دژوارەوە، بەردەوام لەگەڵ مەترسی لەدەستدانی گیانیان بەرەوڕوون و ٥٠ لەسەدی ڕووداوەکانی شوێنی کار لە نێو ئەواندا ڕوودەدەن، بەڵام تەنانەت لە بیمەی کۆمەڵایەتیش بەهرەمەند نین. کاری بیناسازی، هەم قورسە و هەم زۆر مەترسیدارە. بە شێوەیەکی مامناوەند لە نێوان هەر ١٥ بۆ ٢٠ ڕۆژدا، ٥٠ کەس لە کەرتەکانی بیناسازیدا گیانیان لەدەست دەدەن و بەو ڕێژەیەش تووشی ڕووداوی کار دەبن و بەهۆیەوە بریندار و تەنانەت کەمئەندام دەبن. کرێکارانی بیناسازی بیمەی بێکارییان نییە. ئەوان لە مافی سەردەمی خانەنشینی بێبەشن و دیار نییە دوای لەکارکەوتوویی و تەمەنی پیریی، دەبێ لە چ ڕێگایەکەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن. 
هەموو ئەم بێ مافیانە لە کاتێکدایە کە بە وتەی هەڵسووڕاوێکی کرێکاریی، شارەوانییەکان ساڵانە هەزاران ملیارد دۆلاریان لە ڕێگای مۆڵەتی بیناسازییەوە دەستدەکەوێت. ئەگەر ئەوان پشکی ٢٥ لەسەدیی خۆیان بە ئیدارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدەن، ئەو ڕێکخراوەیە دەتوانێت هەموو کرێکارانی بیناسازی لە مافی بیمە بەهرەمەند بکات. بەپێی زانیارییەکانی ئەو هەڵسووڕاوە کرێکارییە، ساڵی ١٤٠٢ شارەوانییەکان نزیکەی ١٠٠ هەزار ملیارد تمەنیان لە ڕێگەی مۆڵەتی بیناسازییەوە دەستکەوتووە، کە ٢٥ لەسەدی ئەو پارەیە دەکاتە ٢٥ هەزار ملیارد تمەن. ئەم بڕە پارەیە ڕێک بەشی بیمەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ هەزار کرێکاری بیناسازی دەکات. ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیش بە شێوازی جۆراوجۆر گوشارەکە دەخاتە سەر شانی کرێکاران. هەڵسووڕاوێکی کرێکاری لەم بابەتەوە نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت، لە وەرزی سەرمادا، کارکردن لە پیشەی بیناسازیدا، بە تایبەت لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی وڵات، بە تەواوی دەوەستێت یان زۆر کەم دەبێتەوە. هەندێک لە کرێکاران بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان بەمەبەستی کارکردن ڕوو لە ناوچە گەرمەکانی وڵات دەکەن. کرێکارێکیش کە نەتوانێت ڕووبکاتە پارێزگاکانی تر، ناچارە کارێکی دیکە بکات. مەئموورانی ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەر کە زانییان کە کرێکارێک چەند ڕۆژێکە کاری نەکردووە، بیمەکەی دەبڕن. کرێکارانی وشیار لە کەرتی بیناسازی، سەرەڕای پرشوبڵاوییان، هەوڵیان داوە سەبارەت بە هەندێک لە داواکارییەکانیان کۆدەنگیی پێک بهێنن و ئاراستەی کۆماری ئیسلامی بکەن. بەشێک لەو داواکاریانە بریتین لە: دیاریکردنی حەقدەست بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان بۆ هەموو کەرتەکانی بیناسازی، کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵەوە بۆ لانیکەم ٥٥ ساڵ، دانانی هەموو بوارەکانی کاری بیناسازی لە ڕیزی کارە سەخت و زیانبەخشەکان، پێدانی قەرەبووی نەخۆشی چ بە هۆی کارەوە بێت یان نا بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە، جێبەجێکردنی یاسای دانی حەقی بیمەی کرێکارانی بیناسازی وێڕای ٧٪ی لانیکەمی حەقدەستی یاسای کار. 
یەکێک لە داواکارییە بنەڕەتییەکانی کرێکارانی بیناسازی بەردەوام بریتی بووە لە هەبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆ و لەپێناو بەدیهێنانی دا خەبات و تێکۆشانیان کردووە. بەڵام کۆمەڵێک ئاستەنگە ڕێگەی پێنەداون کە ببنە خاوەنی هیچ ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ئاشکرا و بەهێز. گرنگترین ئاستەنگ، بریتی بووە لە ستەم و سەرکوت. جگە لەوەش شوێنی کاری ئەوان کاتیی و پرش و بڵاو بووە. لەمڕووەوە کە بەشێک لە کرێکارانی بیناسازیی، کۆچبەری کورد و بەلووچ و تورک و نەتەوەکانی ترن و لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات کاردەکەن، بووەتە هۆی پرش و بڵاوی هەرچی زیاتری ئەوان. سەرەڕای بوونی سەرکوت و پرش و بڵاویش، لەماوەی ساڵانێکی دوور و درێژدا، کۆمەڵێک هەڵسووڕاوی کرێکاریی خەباتکار و بەئەزموون، لە نێویاندا پەروەردە بوون. ئەوان وێڕای ڕێکخستن و ئاراستەکردنی گەلێک حەرەکەتی ناڕەزایەتی جۆراوجۆر و کاتیی و هەروەها کاری وشیاریدەرانە، هەوڵیان داوە ڕێکخراوە گەلێکی سەربەخۆ پێکبێنن، کە هەندێک جار پێشکەوتن و دەستکەوتیشیان بەدەستهێناوە.

بەڵام بەرپرسان و بەکرێگیراوانی ئیتلاعات و سپا، بە گرتنەبەری هەڵسوکەوت و ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە، بەرەوڕووی ئەو هەڵسووڕاوە تێکۆشەرانە بوونەتەوە. بەجۆرێک کە دوای ماوەیەک خۆڕاگریی، سەرەنجام ڕێکخراوەکەی ئەوانیان لەناوبردووە. ئەگەرچی هیچ ئامارێکی ورد سەبارەت بە کرێکارانی بیناسازی لەبەردەستدا نییە. بەڵام ژمارەیان بە دوو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. بەم مانایە ئەوان بەشێکی بەهێزن لە چینی کرێکاری ئێران. تووڕەیی و نەفرەت و بێزارییەکی زۆر لەدژی سەپاندنی ئەو بێ مافیانە، لەناو ڕیزەکانی ئەواندا پەنگی خواردووەتەوە کە فاکتەر و هۆکارێکە بۆ یەکڕیزی و هاوخەباتی. بەشێکی بەرچاو لەو کرێکارانە لە کوردستانەوە دەچنە ناوچەکانی دیکە. ئەوان خاوەنی وشیارییەکی چینایەتی بەرزن و هەندێک هاودەنگی و هاوپشتی بەهێزیان لە نێوان خۆیان و کرێکارانی ناوچەکانی دیکەدا پێکهێناوە. ئەوان بە ڕادەیەکی زۆر بەرگریکاری کرێکارانی ئەفغانستانیش بوون. ئەم کرێکارە وشیارانە بەشێوەیەکی گشتی، پەیوەندی و هاودەنگییەکی باشیان لەگەڵ هەندێک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی ناوچەکانی دیکە هەیە. هەر بەم هۆیەوە، ئەم کرێکارانە بەشێکی کاریگەرن لە هێزی ئازادیخواز و سۆسیالیست.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەقز؛ بەردەوامیی دەستبەسەری و نادیاری دۆخی هاوڵاتییەک

پ نوامبر 28 , 2024
بە تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ لە دەستگیری بێهزاد دادخواه، هاوڵاتی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێشتا زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ هێزە ئەمنییەکانی شاری سەقز هێرشیان کردە سەر شوێنی کاری بێهزاد دادخواه و دوای دەستبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ئەم […]

You May Like