فەرید عینایەتی، هاوڵاتی شاری پاوە بە تێپەڕینی ٣٧ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی هێشتا چارەنووسی نادیارە و لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دەستبەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، فەرید عینایەتی، هاوڵاتی شاری پاوە بە تێپەڕینی ٣٧ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی هێشتا چارەنووسی نادیارە و لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دەستبەسەر کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم هاوڵاتییە لە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بڕیاری دادوەر لە ماڵەکەیدا دەستگیر کراوە. ئەم هاوڵاتییە وەک ناڕەزایەتی دژ بە دەستگیرکردنی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، مانی لە خواردن گرتووە.
لە ڕاپۆرتی ڕاگەیەندراودا هاتووە کە ئەم هاوڵاتییە لە ڕۆژی دەستگیرکردنییەوە تا ئێستا لە هەبوونی پێوەندی، بینینی بنەماڵەکەی و هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە. سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی فەرید عینایەتی لە ناوەندە یاسایی و ئەمنییەکانی کرماشان، لەگەڵ ئەوەشدا کە بەرپرسانی پێوەندیدار مانگرتن لە خواردنی ئەم هاوڵاتییەیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام هێشتا وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە دۆخی ئەم هاوڵاتییە نەداوەتەوە.
شایانی باسە کە حەمید عینایەتی، برای فەرید عینایەتیش هاوکات لەگەڵ ئەم هاوڵاتییەدا دەستگیرکراوە کە پاش ٢٥ ڕۆژ پاش کۆتایی لێپرسینەوە لەگەڵیدا و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی دیزڵاوای کرماشان ئازادکراوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەک لە هۆکارەکانی دەستگیری و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاوڵاتییە کراون لەبەردەستدا نییە.