«سینا دەشمیر»، زیندانی سیاسی لە ژێر چاودێری پێ بەندی ئەلیکترۆنیدا لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا. ناوبراو پاشماوەی سزاکەی لە دەرەوەی زیندان و بە سنوورداریکردنی هاتووچۆ بەسەر دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە هەژدەی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سینا دەشمیر، خەڵکی شاری پیرانشار و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە ژێر چاودێری پێ بەندی ئەلیکترۆنیدا لە زیندانی شاری نەغەدە ئازاد کرا. ناوبراو پاشماوەی سزاکەی لە دەرەوەی زیندان و بە سنوورداریکردنی هاتووچۆ تا مەودایەکی دیاریکراو لە ماڵەکەی خۆی بەسەر دەبات.
سینا دەشمیر، لە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی شاری نەغەدە گواسترایەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر «ئەمیر ئۆجاقلو» بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری ڕژیم» بە ٣ ساڵ و ٤ مانگ زیندان و بە تۆمەتی «دروشم نووسین و هەوڵدان دژی ئاسایشی گشتی» بە ٣٥ مانگ زیندان سزای بەسەردا سەپێندرابوو. بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، توندترین سزا واتە ٣ ساڵ و ٤ مانگ زیندانی بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها ناوبراو لە گوڵانی ساڵی ڕابردوودا لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای دووی شاری پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر «ڕەزا قارەمانی سەعاتلو» بە تۆمەتی «تێکدانی یاسا و ئاسایشی گشتی» بە پێدانی ٥ ملیۆن تمەن سزای نەغدی بێجگە لە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری و ٤٠ لێدانی شەلاقی تەعزیری سزای بەسەردا سەپێندرابوو.
سینا دەشمیر، لە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش یەک مانگ بە دانانی بارمتەی ٤ ملیارد تمەن لە زیندانی شاری نەغەدە ئازاد کرا.
سینا دەشمیر، هاوڵاتی خەڵکی گوندی «گزکەسک»ی سەربە شاری پیرانشارە.