خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٣، خانەنشینان لە شارە جۆراوجۆرەکانی وڵات، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان درێژە پێدا. لە شاری ئەهواز، خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە بەردەم بینای ئیدارەی گشتیی ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە و سەرلەنوێ خوازیاری”زیادکردنی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ ڕێژەی هەڵاوسان” بوون. ئەوان هەروەها دەستگیرکردنی خاتوو مریەم زەلکی، یەکێک لە چالاکانی ئەو شارەیان ئیدانە کرد و خوازیاری ئازادی دەستبەجێی ناوبراو بوون. خانەنشینانی ناڕازی ئەهواز لە کاتی ڕێپێوانەکەدا ئەو دروشمانەی خوارەوەیان دەوتەوە:
“گرانی، هەڵاوسان، بەڵای گیانی ئینسان”، “تەنیا لە سەر شەقام، مافەکانمان بەدەست دێت”، “ئێرانی پڕ داهات! بەرپرسی ناکارامە چی بەسەرهێنای”؟. خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینانی کیشوەری لە شاری کرماشانیش لە بەردەم بینای ئیدارەی گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە و دروشمی، “خانەنشین ڕاپەڕە لە دژی ستەم و هەڵاواردن” و “گرانی و هەڵاوسان، بەڵای گیانی ئینسان” و هەروەها ” بەرهەمی کاری دەوڵەت، دزی لە گیرفانی میللەت”یان بەرز کردەوە و بەم شێوەیە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە تاڵانکردنی سندوقەکانی خانەنشینی و جیاوازی نێوان حەقدەست و ڕێژەی هەڵاوسان لە کۆمەڵگا و خەرجییەکانی ژیان، دەربڕی. لە شاری شوش، کرێکارانی خانەنشینکراوی شوش و هەفت تەپە بە ئامادەبوون و کۆبوونەوە لەبەردەم بینای ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەدەستەوە گرتنی پلاکارد، بەرامبەر بە بارودۆخی نالەباری بژێوی ژیان و دەرمانیی خۆیان و باقی خانەنشینانی تر، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گوڵان، خانەنشینانی پیشەسازی فولادیش لە ئەهواز، ئیسفەهان، تاران، دامغان، شاهرود، قائیمشار و چەند شارێکی دیکە دەستیاندایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. لە ئیسفەهان، خانەنشینانی فولاد، بە ڕێپێوان و کۆبوونەوە لەبەردەم سندوقی خانەنشینی فولادی ئەو شارە و بەرزکردنەوەی دروشمی، “جگە لە درۆ و دەلەسە، عەداڵەتێکمان نەدی”، توڕەیی و ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە تاڵانکردنی سندوقی خانەنشینی دەربڕی.

دروشمی خانەنشینان لە شاری ڕەشت بریتی بوو لە، ” خانەنشین هاوارکە، مافەکانت داوا بکە”. لە شارەکانی ئەراک و تارانیش خانەنشینەکان کۆبوونەوەکانی خۆیان بەڕێوە برد. دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەسپێکی ساڵی نوێی هەتاویدا، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێوشوێنێکی جدی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خانەنشینان و مووچەخۆران نەگرتووەتەبەر و زیاتر سەرقاڵی سەرکوت و ئەزیەت و ئازاری ژنان و کچان و هەروەها بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مافی بێ ئەملاو و ئەولای ئازادی پۆشینی جلوبەرگی دڵخواز بووە لەژێر ناوی “تەرحی نوور”دا، کە دەبێ پێشی پێ بگیردرێت. لەم پێوەندییەدا ڕۆژی
١٧ی گوڵان، خانەنشینانی شیرکەتی مخابەرات لە چەند شار و پارێزگای وڵات، لەبەردەم شیرکەتە مخابەراتییەکانی پارێزگاکانی خۆیان، کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. ئەم ناڕەزایەتیانە لە شارەکانی وەک ئەردەبیل، ئیسفەهان، ئەهواز، مەریوان، کرماشان، ڕەشت، ئەراک، سنە، بەندەر عەباس، تاران و خوڕەماباد، بەڕێوەچوون. لەم ڕێپێوان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا هەروەها چەند دروشمێکی وەک “بەرپرسی ناشایستە، شیرکەتی تاڵانکردووە!” و “بیمەی تەکمیلی دەبێ هەموار بکرێتەوە” دەبیستران.

جێبەجێ نەکرانی ئایین نامەی ساڵی ٨٩، دواکەوتنی پێدانی هەزینە پزیشکییەکان لەلایەن بیمەی لایەنی گرێبەستی مخابەرات و دواکەوتنی پێدانی یارمەتییەکانی تر، لە زومرەی گرنگترین هۆکارەکانی ناڕەزایەتی خانەنشینانە. لەکاتی ڕادەستکردنی ئەو شیرکەتە بە بونیادی تەعاونی سپا و ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام، خاوەنە نوێیەکەی پابەند بووە بە پێدانی حەقدەست و وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی خانەنشینان، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەکراوە. جگە لەوەش پشکی خانەنشینان لە حەقی بیمەی تەکمیلی، لە ٣٠ لەسەدەوە بۆ پەنجا لەسەد زیادی کردووە، هەروەها هەزینەی خۆراکیان بە بیانووی نەبوونی نەختینەیی، بڕیوە. هاوکات چەند هەواڵێک سەبارەت بە خراپ بەکارهێنان و خراپ بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوەیە بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە کێشەکان بریتییە لە ناڕوونیی دۆخی سندوقی هاوکاریی کارمەندان. داواکاریی خانەنشینانی مخابەرات بریتین لە جێبەجێکردنی بێ ئەملاو و ئەولای بڕگەکانی ٦ و ٩ی بڕیارنامەی مانگی ڕەشەممەی هەیئەتی وەزیران،
ئایین نامەی ٨٩/٢٤ی گەلاوێژی ٨٩ی هەیئەتی بەڕێوەبەری شیرکەتی مخابەراتی ئێران و داواکارییە بژێوییەکانی تر. خەباتی خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەشێکە لە بزووتنەوەی شێلگیرانەی چینی کرێکار کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکان بووە و کۆمەڵێک دەستکەوتی دیاریکراوی بەدەست هێناوە کە گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ بزووتنەوەی سەرتاسەری.

ئەوان حکوومەت و پارلمانیان ناچار کرد کە بابەتی پلەبەندی یان یەکسان سازی، تا ڕادەیەک جێبەجێ بکەن. هەروەها ڕێکخراوە سەربەخۆکانی خانەنشینان وێڕای خواستی باشترکردنی ئاستی بژێوی ژیان، دروستکردنی پێوەندییەکی نزیک و یەکڕیزی لەنێوان خانەنشینانی بەشە جۆراوجۆرەکان، بەرامبەر بە لەسێدارەدان و تەرحی نوریش، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و زۆر جار لەسەر پرسی ئازادیی زیندانیانی سیاسی، جەختیان کردووەتەوە.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

١٧ی ئایار ڕۆژی جیهانی دژی هۆمۆفۆبیا و ترانسفۆبیا و بیفۆبیا

پ مه 16 , 2024
ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی ڕۆژی حەڤدەی مانگی مەی ساڵی 1990 هاوڕەگەزخوازیی کە تا ئەوکات وەک نەخۆشییەکی دەروونی ناسێندرابوو، لە لیستی نەخۆشییەکان لابرد. ئەو رۆژە وەکوو رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی هۆمۆفۆبیا دیاریکراوە بۆ ئەوەی زانیاری و وشیاری دەربارەی LGBTQ و مافەکانی خانەوادەی پەلکەزێڕینە بڵاو ببێتەوە. هۆمۆفۆبیا بریتیە لە ڕەفتاری نامرۆڤانە، جیاکاری، هەڵاواردن، دوور […]

You May Like