«ڕەزوان عەبدی»، هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی شاری دیواندەرە و دانیشتووی تاران، ناسنامەی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانە لە تاران کە لە کاتی سەرکوتکردنی سەرشەقامدا گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕەزوان عەبدی لە کاتی نارەزایەتییە جەماورییەکانی شاری تاراندا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم و پێکانی گوللەی جەنگی کوژرا. ئەم ژنە گەنجە چەندین ساڵ لەمەوپێش دایکی لەدەستداوە و لەگەڵ خێزانی باپیرەی لە تاران دەژیا و لە بواری مۆدێلینگدا چالاکی دەکرد.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، تەرمی ڕەزوان عەبدی پاش گیانبەختکردنی بۆ گوندی زێدی خۆی “تازەئاوای وەزیر”ی شاری دیواندەرە گواسترایەوە و لەژێر ڕێکارە سەختە ئەمنییەکاندا بەخاکسپێردرا. ڕاپۆرتەکان باس لە گوشارە ئەمنییەکان لەسەر خێزانی ناوبراو دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی سنوورداری مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەم هاووڵاتییە گیانبەختکردووە.

