ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢، زیبا قلیچخانی، هاووڵاتییەکی خەڵکی بیجاڕ و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشیگێڕانەی ژینا، دەستبەسەر و ڕەوانەی چاکسازیی سنە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢، زیبا قلیچخانی، هاووڵاتیەکی شاری بیجاڕ و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ساڵی ١٤٠١، پاش چوون بۆ دادگای ئەم شارە و ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکانی، جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە و ڕەوانەی ناوەندی چاکسازی سنە کرا.
ئەو تۆمەتانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاتوو قالیچخانی بریتییە لە “پڕوپاگەندە دژی ڕژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەهۆی نووسینی سەرنجی ڕەخنەگرانەوە”. هەروەها ئەم هاووڵاتییە دوابەدوای سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات بانگهێشتی بنکەی پۆلیسی بیجاڕ کراوە.
زیبا قلیچخانی، هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵە، لە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١ لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی شاری بیجاڕ دەستبەسەر و دواتر پاش دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی لە ناوەندی چاکسازیی سنە ئازاد کرابوو.