لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە سنووری نەوسوود، کۆڵبەرێک بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە سنووری نەوسوود تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناسنامەی “پیمان محەمەدی” خەڵکی شاری پاوە برینداربوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کۆڵبەرە بریندارە بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی نەوسوود گواستراوەتەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان جادەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی ترەوە کوژراون و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتیی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژراون و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن .