بانە؛ برینداربوونی ٤ کۆلبەر بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی

ئێوارەی یەکشەممە ١٥ ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە ئاکامی بۆسە و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری “هەنگەژاڵ – بانە” بەرەو کۆمەڵێک کۆڵبەر، ٤ کۆڵبەر بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ئاکامی ئەم تەقە کردنە، ٤ کۆڵبەر بە ناوەکانی خالق ئەبوبەکری ٣٧ ساڵ، عەلی ئەبوبەکری ٣٠ ساڵ، ناسر بەری نزیکەی ٤٣ ساڵ و هێمن ( نازناو نادیار) کە هەموویان خەڵکی بانەن و خێزاندارن، لە ناوچەی قاچ و ڕاندا بە سەختی بریندار بوون.

لە دەمانچەی جۆری تاپڕ کەڵک وەرگیراوە بۆ تەقە کردن لەم کۆڵبەرانە.

جێگەی ئاماژەیە لە کاتێکدا ئەم کۆڵبەرانە کەوتونەتە بەر هێرشی هێزەکانی سەر سنوور کە هیچ کۆڵێکیان پێ نەبووە و نزیکەی ٥٠٠ مەتر لە سنوور دوور بوون.

سەرچاوەیەک بە کۆڵبەرنیوزی ڕاگەیاند، ئەم کۆڵبەرانە بە هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕاگەیاندووە کە هیچ کۆڵێکیان لەگەڵ خۆیان نییە و تەقەیان لێ نەکەن، بەڵام لەگەڵ پشت گوێ خستنی ئەم بابەتە، هێزەکانی سەر سنوور هێرشیان کردۆتە سەریان. 

بەپێی ئەو ئامارانەی لە ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەوسود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

س فوریه 6 , 2024
کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری باینەگان-پاوە بە ناوی کەیهان فەتاحی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسود بریندار بوو. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، چوارشەممە ١١ ڕێبەندانی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لەسەر سنوری نەوسود، کۆڵبەرێکیان بە چەکی ڕاو کردە ئامانج. ناسنامەی کۆڵبەرەکە “کەیهان فەتاحی” خەڵکی گوندی “ئاریت”ی سەر بە  شاری باینگانە […]

You May Like