کوردستان؛ کوژرانی لانیکەم ١٧ کۆڵبەر لەماوەی ٧٠ ڕۆژدا

لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ تا ئێستا، بە گشتی ١٧ کۆلبەر و لە نێوانیاندا منداڵێکی کۆڵبەر لە هێڵی سنووری کوردستان کوژراون.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ و لە ماوەی ٧٠ ڕۆژی ڕابردوودا، بە گشتی ١٧ کۆڵبەر لە هێڵی سنووری کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، سەرما، وەستانی دڵ، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییە سنوورییەکانی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە کۆی ١٧ کۆڵبەر کە گیانیان لەدەستداوە، ١٢ کۆلبەر (٧١%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، ١ کۆڵبەر بەهۆی وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا، ٢ کۆڵبەر بەهۆی سەرما و هەروەها ٢ کۆڵبەریش لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوە لە شاخ لەکاتی ڕاوەدوونانیان لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە گیانیان لەدەستداوە. جێگای ئاماژەیە کە یەکێک لەم کۆڵبەرانە بە ناسنامەی “هەستیار عەبدولکەریمی” تەمەن ١٥ ساڵ، منداڵ کۆڵبەر بووە.

ئامار و زانیاری پەیوەندیدار بەم کۆڵبەرانە بە شێوەی ڕۆژانە:

  • ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆلبەرێک بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود کوژرا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “پەیمان ئەحمەدی”، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆیە.
  • ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣، گەنجێکی کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “هەنگەژاڵ”ی ئەم شارە کوژرا، ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “سۆران عەبدی” تەمەن ٢٢ ساڵ، خێزاندار و دەوترا کە ژنەکەی دووگیانە.
  • ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری جوانڕۆ بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە کاتی کۆڵبەریدا لە هێڵی سنووری نەوسوود گیانی لەدەستدا.
    ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “محەمەد بایر محەمەدی”، ٤٨ ساڵ تەمەن، خەڵکی گوندی “زیران”ی سەربە پارێزگای جوانڕۆ ڕاگەیاندراوە.
  • ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، منداڵ کۆڵبەرێک بە ناسنامەی “هەستیار عەبدولکەریمی” ١٥ ساڵ تەمەن، خەڵکی شاری دیواندەرە، لە سنووری “میشاو”ی سەربە شاری سەقز، بەهۆی گیرخواردن لەناو بەفر و سەرماوە گیانی لەدەستدا.
  • کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناسنامەی “سەعید سلووسی” تەمەن ٣٣ ساڵ، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، لە کاتی کۆڵبەریدا لە کۆمەڵەیەکی دیکەی کۆڵبەران جیابۆتەوە و بێسەروشوێن بوو. دوای دوو ڕۆژ گەڕان لەلایەن هاووڵاتیان، دواجار لە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، تەرمی بێ گیانی ئەم کۆڵبەرە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزرایەوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەم کۆڵبەرە بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستداوە.
  • ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، “شۆڕش شوکری” کۆڵبەری خەڵکی گوندی “ئەڵمانە”ی سەربە شاری مەریوان بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییە شاخاوییەکانی تەتە گیانی لەدەستدا.
  • ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، چەند کۆڵبەرێک لە بەرزاییەکانی “دەشت وەزێنە”ی میراوای (سەردەشت) کەوتنە خوارەوە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناسنامەی “ئەبوبەکر ماخوزی” خەڵکی میراوا کوژرا.
  • ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری سەردەشت بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “بێتووش”ی سەردەشت گیانی لەدەستدا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “مێهرداد عەبدوڵڵا زادە”، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی “مەراغان”ی سەربە شاری سەردەشتە.
  • ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزە سەربازییەکانی ڕژیم لە سنووری “بەستام”ی سەربە شاری سەقز، تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد و لە ئەنجامدا کۆلبەرێک بە ناسنامەی “ئومێد سیدی” ٤٠ ساڵ تەمەن، کوژرا. کە دوای هەشت کاتژمێر گەڕان لەلایەن هاووڵاتیان، تەرمی بێ گیانی ئەم کۆڵبەرە دۆزرایەوە.
  • ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییە شاخاوییەکانی “تەتە”ی هەورامان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەران کرد، کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک کوژرا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “سەیوان دەست ئەفکەن” ناسراو بە “سەیوان درەپمان” خەڵکی گوندی “درەپمان”ی سەر بە شاری مەریوانە. ئەم کۆڵبەرە خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکی بچووک بوو.
  • ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گوڵانی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “بەلەکی”ی سەربە شاری بانە کوژرا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “شەوانە ئەحمەدپوور”، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی گوندی “نەجنە”ی سەربە شاری بانە. ناوبراو خێزاندار و خاوەنی یەک منداڵ بوو.
  • لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵانی ١٤٠٣، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری بەستەمی شاری سەقز بە چەکی کڵاشینکۆف لە دووری یەک مەتر و لە نزیکەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ “دڵ”ی کرایە ئامانج و کوژرا.

ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “هێمن ئەحمەدی” تەمەن ٤٥ ساڵ و خێزاندار و خاوەنی منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ و خەڵکی گوندی “کاریزە”ی سەر بە شاری سەقز بوو.

  • ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی گوڵانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “سورکێو”ی سەربە شاری بانە، بەتەقەی ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە کوژراوە “جەلال سۆهرابی” نزیکی ٤٠ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی “تاژان”ی سەربە شاری بانە. ناوبراو خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵ بوو.
  • ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گوڵانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە تەقەیان لە کۆڵبەرێک کرد و کوشتیان. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “عەتا ڕۆستەمپور” نزیکەی ٤٠ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری سەقز، بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاست کراوەتەوە.
  • ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٣، هێزەکانی سوپای پاسداران لە هێڵی سنووری سەردەشت بە چەکی قورسی دۆشکا تەقەیان لە کۆڵبەرێک کرد و کوشتیان. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە کوژراوە “سالار ئەحمەدی” تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی ئەحمەد ناسراو بە (ئەحمەد نیوچوانی) خەڵکی “نەڵاس”ی سەربە شاری سەردەشت بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاست کراوەتەوە.
  • سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٣، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە، کوژرا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “واحد قادرپوور”، کوڕی بایز قادرپوور، خەڵکی گوندی “درەزیارت”ی سەربە شاری سەقز ڕاگەیەندراوە.
  • ڕۆژی سێشەممە، ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەرەکان کرد و لە ئەنجامدا گەنجێکی کۆلبەر کوژراوە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “سینا ڕەسوڵزادە”، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی “نەڵاس”ی سەربە شاری سەردەشت بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاست کراوەتەوە.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

شنۆ؛ ئازادکرانی یوسف حاجی خۆش لە زیندان

ج مه 31 , 2024
یوسف حاجی خۆش، هاووڵاتی خەڵکی شاری شنۆ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازادکرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەمە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣، یوسف حاجی خۆش لە زیندانی شنۆ ئازادکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئازادبوونی ناوبراو بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەن ئەنجام دراوە. ئەم هاووڵاتییە ١٣ی […]

You May Like