کارەساتی برسێتی لە جیهاندا، لە ٩٠٪ی منداڵانی غەززە و ٤٤٠ ملیۆن منداڵ لە سەرتاسەری جیهاندا ڕووبەڕووی بەدخۆراکی زۆرن.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی یونیسێف، بەدخۆراکی بێوێنەی منداڵان لە سەرتاسەری جیهاندا گەیشتۆتە لووتکە، بەجۆرێک کە ٤٤٠ ملیۆن منداڵ بەپێی پێویست خواردن بۆ گەشەکردن و تەندروستیان وەرناگرن. ئەم قەیرانە بەجۆرێکی ناهاوسەنگ کاریگەری لەسەر منداڵان لە باشووری ئاسیا و ئەفریقا هەیە، شوێنێک کە ململانێ، وشکەساڵی و گۆڕانەکانی کەشوهەوا، بە سەختی هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک دەکات.
غەززە:
بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، کارەساتی مرۆیی لە غەززە قووڵتربۆتەوە، بەجۆرێک کە لە ٩٠٪ی منداڵانی ژێر تەمەن پێنج ساڵ لەم ناوچە گەمارۆدراوە، لەگەڵ بەدخۆراکییەکی زۆر ڕووبەڕوون. ئەم ئامارە هەژێنەرە نیشاندەری خراپی دۆخی غەززەیە، شوێنێک کە منداڵان بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و گەمارۆدانی زاڵمانە، لە خۆراکی پێویست و بەسوود بێبەشن.
جیهان:
لە ئاستی جیهانیدا، ئامارێکی مەترسیدار دەربارەی بەدخۆراکی منداڵان هەیە. ڕاپۆرتی یونیسێف نیشانی دەدات کە ٤٤٠ ملیۆن منداڵ لە سەرتاسەری جیهان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، ئەمەش واتا لە پێنج ژەمی خۆراکی گرنگی ڕۆژانە بۆ گەشەکردن و تەندروستییان بێبەشن. لەم نێوەندەدا، ١٨١ ملیۆن منداڵ لە بارودۆخی سەختی “بەدخۆراکی”دا بەسەردەبەن، ئەمەش واتا تەنیا دەستیان بە یەک بۆ دوو ژەمی خواردن دەگات ئەوانیش وەک: شیری دایک و دانەوێڵە.
باشووری ئاسیا و ئەفریقا:
ئەم قەیرانە بەجۆرێکی ناهاوسەنگ کاریگەری لە منداڵانی باشووری ئاسیا و ئەفریقا هەیە. ١٢٣ ملیۆن لە کۆی ١٨١ ملیۆن منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی زۆرەوە لەم ناوچەیە دەژین، شوێنێک کە ململانێکان، وشکەساڵی و گۆڕانەکانی کەشوهەوا، هەڕەشەی جددی لە ئاسایشی خۆراک دەکات.
ئەنجامی وێرانکەر:
بەدخۆراکی زۆر ئەنجامی قەرەبوونەکراوی بۆ تەندروستی و گەشەی منداڵان هەیە. ئەو منداڵانەی کە بەپێی پێویست خۆراک وەرناگرن، زیاتر تووشی نەخۆشییە عفوونییەکان، و بەدجۆراکی و کێشەکانی گەشەکردن دەبن. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەکادیمی، کەمبوونەوەی توانایی لە دەستەبەرکردنی داهات لە گەورەیدا و دەورەی هەژاری نێوان نەوەکان.
کاترین ڕاسڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف هۆشداری دەدات و دەڵێت؛ “ئەو منداڵانەی کە ڕۆژانە دوو ژەمی خواردن دەخۆن، تا ٥٠٪ی زیاتر لەبەردەم مەترسی توشبوون بە جۆرە تووندەکانی بەدخۆراکین”.
ئەم ڕاپۆرتە داوای ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی بەدخۆراکی منداڵان لە سەرتاسەری جیهان دەکات. ئەمەش بریتییە لە زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، وەبەرهێنان لە کشتوکاڵی بەردەوام و بەرنامە خۆراکییەکان و هەروەها پێڕاگەیشتن بە هۆکارە سەرەکییەکانی برسێتی وەکو ململانێ و گۆڕانەکانی کەشوهەوا.