بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بە ئاڕاستەی ئوتۆمبیلی کاسبکاران لە شاری مهاباد ٢ کاسبکار کوژران کە ناسنامەی دووەمین کاسبکار بۆ کۆڵبەرنیوز ئاشکرا بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە شاری مهاباد بە ئاڕاستەی ئوتۆمبیلی کاسبکاران، ئوتۆمبیلەکە وەرگەڕا و بە هۆی ئاگرکەوتنەوەوە سووتا. پێشتر کۆڵبەرنیوز لە ڕاپۆرتێکدا گیانلەدەستدانی کاسبکارێکی بە ناسنامەی عیرفان عیرفانی، لەم ڕووداوەدا بڵاوکردبۆوە، ئێستاش ناسنامەی دووەمین کاسبکاری سەرنشینی ئەم ئوتۆمبیلە بە ناوی کاوە سەیدبرایی، کاسبکاری تەمەن ٤٢ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی شاری سەقز بۆ کۆڵبەرنیوز ئاشکرا بووە.
شوتییەکان، کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی تایبەتن کە کاڵای هاوردە لە سنوورە نافەرمییەکانەوە بۆ نێوەندی شارەکانی ئێران دەگوازنەوە. زۆرێک لە شوتیسوارەکان، کۆمەڵێک گەنجی بێکارن کە بەهۆی هەژاری، بێکاری و جیاکارییە سیستماتیکییەکانی حکومەت، گیانیان دەخەنە مەترسییەوە تا بتوانن داهاتێکیان دەست بکەوێت. یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی دیاردەی شوتیگەری لە ناوچەکانی باشوور، باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئێران بەرزبوونی ڕێژەی هەژاری و بێکاری زۆرە. جیاکاری سیستماتیکی حکومەت، نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار، لەناوچوونی کەرتی کشتوکاڵی بەهۆی کەم ئاوی و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و کێشەکانی ئابووری و بژێوی ژیان، بوونەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێکیان بە ناچاری ڕوو لەم کارە بکەن. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان بەهۆی هەژاری و بێکاری لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئێران وەکو بووشەهر بەتایبەت بەندەری گەناوە، خوزستان، کۆهگیلۆیە و بویەرئەحمەد بەتایبەت شاری گەچساران، لوڕستان، فارس، کرمان، بەلوچستان، کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕوویان کردووەتە ئەم دیاردەیە.