برینداربوونی دوو کۆڵبەری دیکە لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود

لە دانانی بۆسە و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم بەرەو کۆڵبەران لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود، دوو کۆلبەری دیکە بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، ڕۆژانی ٦ و ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد، کە لە ئەنجامدا چەند کۆڵبەر برینداربوون، و کە ناسنامەی دوو کەسی دیکەشیان بۆ کۆلبەرنیوز پشتڕاستکراوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٦ی خاکەلێوە، “ڕەزا نەزەری” کۆڵبەری خەڵکی شاری “سەلاس باوەجانی” لە دووری یەک مەترەوە کراوەتە ئامانجی ئاگری چەکی ڕاهێنانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە سنووری نەوسوود، و تووشی سووتان و برینداری لە دەموچاویدا بووە. ئەم کۆڵبەرە بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی ڕەسوڵ لە شاری جوانڕۆ گواسترایەوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خاکەلێوە، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووری بانە، تەقەیان لە کۆڵبەران کردوو و، کۆڵبەرێکیان بە ناوی “جەبار نادری” ٣٧ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری مەریوان لە “قاچی”یەوە بریندار کرد.
جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکی بچووکە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەردەشت؛ برینداربوونی دوو کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین لە هێڵی سنووری سەردەشت

پ مارس 28 , 2024
“ڕەئوف ئەحمەدی و جەبار ئەحمەدزادە” دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری سەردەشت برینداربوون. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، بەهۆی تەقینەوەی مین لە چیای “بولفەت” لە هێڵی سنووری سەردەشت دوو کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون. ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە بریتین لە “ڕەئوف ئەحمەدی” […]

You May Like