هێمن قولی زادە، هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان، لە سەرەتاکانی جۆزەردانی ١٤٠٤ بۆ سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی خۆی بۆ زیندانی شاری بۆکان گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، هێمن قولی زادە، هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان، ڕۆژی شەمە سێی جۆزەردانی ١٤٠٤، بۆ سزای دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ زیندانی ناوەندی ئەم شارە گواسترایەوە.
هێمن قولی زادە، پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای شاری بۆکان بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری ڕژیم» بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادرابوو.
لە درێژەی ئەم دۆسیەدا، عەبدوڵا قولی زادە، باوکی ناوبراو، لە تۆمەتەکانی بێتاوان دەرچوو.
ڕۆژی شەمە دەی خەزەڵوەری ١٤٠٣، هێمن قولی زادە، لەگەڵ باوکی «عەبدوڵا قولی زادە»، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە شاری بۆکان دەستبەسەرکران و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی شاری ورمێ گواسترانەوە. هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادوەر هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و بە توندوتیژی ئەوانیان دەستبەسەر کردبوو.