بێهروز فەیزە، هاوڵاتی شاری سەقز لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە ٨ مانگ زیندانی سزادرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بێهروز فەیزە، هاوڵاتی شاری سەقز بە زیندانیکردن سزادرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بێهروز فەیزە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر «موجتەبا غەفاری» بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە» بە ٨ مانگ زیندانی سزادراوە.
بەپێی بڕیاری دەرچوو ٤ مانگ لەم سزایە بۆ بارمتەی ١٠ ملیۆن تمەن سزای نەقدی گۆڕدراوە و ٤ مانگەکەی دیکەی بۆ ماوەی ساڵێک دواخراوە.
بێهروز فەیزە، لە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەن لە زیندانی شاری سەقز ئازادکرا.
ناوبراو لە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی شاری سەقز گواسترابوویەوە.