حەسەن شاداب، کاوە خاکی نەهاد، جەمال حسێن نەژاد، مەحموود قادری، مەنسوور فەراش و کامیار (کەمال) عوقابی، شەش هاوڵاتی خەڵکی شنۆ بە ١٢٤ مانگ زیندانیی تەعزیری سزادران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە ڕۆژانی ڕابردوودا، شەش هاوڵاتی بە ناوەکانی حەسەن شاداب، کاوە خاکی نەهاد، جەمال حسێن نەژاد، مەحموود قادری، مەنسوور فەراش و کامیار (کەمال) عوقابی، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە ١٢٤ مانگ زیندانیی تەعزیری سزادران. بەپێی سزایەک بۆ ئەم هاوڵاتییانە ڕاگەیەندراوە، حەسەن شاداب بە ٣ ساڵ زیندان، کاوە خاکی نەهاد خەڵکی گوندی «سۆفیان» بە ٢٠ مانگ زیندان، جەمال حسێن نەژاد خەڵکی گوندی «سەرگیز» بە ٢٠ مانگ زیندان، کامیار (کەمال) عوقابی خەڵکی گوندی «باڵاگیر» بە ٢٠ مانگ زینداب، مەحموود قادری خەڵکی گوندی «سەرگیز» بە ١٦ مانگ زیندان و مەنسوور فەراش خەڵکی گوندی «سەرگیز» بە ١٢ مانگ زیندان سزادران. ئەم شەش هاوڵاتییە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ڕژیم و بانگەشە دژی ڕژیم» بە زیندان سزادران.
ئەم هاوڵاتییانە، بێجگە لە کامیار عوقابی کە پێشتر لە ڕۆژی هەینی شەشی پووشپەڕ دەستبەسەرکرابوو، سەرلەبەیانی چوارشەممە هەژدەی پووشپەڕ، بەبێ بڕیاری دادوەر لە ماڵەکەی خۆیدا لە چەندین ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا دەستبەسەرکران و بۆ گرتووخانەکانی ئیتلاعات لە ورمێ گواسترابوونەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ گەلاوێژ، ئەم شەش هاوڵاتییە پاش ٣٨ ڕۆژ دەستبەسەرکران و لێپرسینەوە بە کەفالەت لە زیندانیی شنۆ ئازادکرابوون.

