
شلێر مامقادری، زیندانیی سیاسیی زیندانیی ورمێ کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە، بەهۆی بەردەوامیی بێبەشکردنی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، دەرمان و چاودێریی پزیشکی، لە مانگەکانی ڕابردوودا نزیکەی ٢٧ کیلۆگرام لە کێشی خۆی لەدەستداوە و ڕاپۆرتەکان باس لە خراپتربوونی ڕۆژ بە ڕۆژی دۆخی جەستەیی ناوبراو دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شلێر مام قادری، زیندانیی سیاسیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە کاتی دەستبەسەرکردنەوەی لە نۆزدەی خاکەلێوەی ١٤٠٥ تا ئێستا، نزیکەی ٢٧ کیلۆگرام لە کێشی دابەزیوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی جەستەیی ئەو، ڕایگەیاندووە کە ئەم دابەزینە توندەی کێشی، دەرەنجامی بەردەوامیی بێبەشکردنیەتی لە دەرمان، خزمەتگوزاریی پزیشکیی پسپۆڕانە و چاودێریی تەندروستیی گونجاو لەگەڵ دۆخی نەخۆشییەکەیدا.
بەپێی زانیارییەکان، شلێر مام قادری کە نزیکەی دوو ساڵە نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمکی هەیە و پێش دەستبەسەرکردنی لەژێر چارەسەری کیمیاییدا بووە، لە کاتی دەستبەسەرکردنی تا ئێستا لە بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەری و وەرگرتنی دەرمانە پێویستەکانی بێبەش کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕای پزیشکان، ناوبراو پێویستی بە چاودێریی بەردەوام و چارەسەری پسپۆڕانە هەبووە.
سەرچاوەکان پێشتریش باسیان لە گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ نەخۆشخانە کردبوو بەهۆی ئەشکەنجەی توندی جەستەییەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ناوبراو لە دوای لێدان و ئەشکەنجەدان، تووشی شکان و خوێنبەربوون بوو و نەشتەرگەریی بۆ کرابوو، بەڵام پێش تەواوبوونی پرۆسەی چارەسەری و بەبێ تێپەڕاندنی ماوەی چاکبوونەوە، دیسانەوە بۆ زیندانیی ورمێ گەڕێندرابووەوە. سەرەڕای دۆخی ناجێگیری جەستەیی، ئەو هێشتا لە چاودێریی پزیشکیی پێویست بێبەشە.
شلێر مام قادری لە کاتی دەستبەسەرکردنەوەی، جیا لە بێبەشبوون لە چارەسەری پزیشکی، لە مافی پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ دوو کچەکەشی بێبەش کراوە. ناوبراو سەرپەرشتیاری دوو منداڵە و بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی، ئەوانی ڕووبەڕووی کێشەی جیدیی بژێوی و بنەماڵەیی کردووەتەوە.
ناوبراو بۆ یەکەمجار بەرەبەیانی دوازدەی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە کاتی هێرشی هێزەکانی ڕژێم بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. بە گوتەی سەرچاوەکان، هێزەکانی ڕژێم بە شکاندنی دەرگای ماڵەکەی و توندوتیژی، تەنانەت بەبێ دەرفەتی لەبەرکردنی جلی گونجاو، دەستبەسەریان کردووە. ناوبراو دوای چەند ڕۆژێک و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، بەڵام بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەی لێی درابوو، لەوانەش شکانی یەکێک لە قاچەکانی، دەستبەجێ دوای ئازادبوونی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی بۆ کرا.
شلێر مام قادری بەرەبەیانی نۆزدەی خاکەلێوەی ١٤٠٥، بۆ جاری دووەم لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا، لە دوای هێرشی هێزەکانی ڕژێم بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، ناوبراو لە زیندانیی ورمێ ڕاگیراوە و سەرەڕای تووشبوونی بە شێرپەنجە، هێشتا لە دەرمان، بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەری، چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی و مافە سەرەتاییەکانی دیکەی بەندکراوێک بێبەشە.
بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە هاوکات لەگەڵ بێبەشکردنی لە چارەسەری پزیشکی، دابەزینی توندی کێش، پێشینەی ئەشکەنجەدان و خراپیی دۆخی جەستەیی، نیگەرانیی بەربڵاوی لەسەر تەندروستی و ژیانی ناوبراو دروست کردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی تۆمەتەکانی شلێر مام قادری کراون لەبەردەستدا نییە.

