ڕاپۆرتی شەش مانگە؛ لانیکەم ٢٨ سوختبەری بەلوچ گیانیان لەدەستداوە و ٨ کەسیش بریندار بوون

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦، لانیکەم ٢٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان و ٨ حاڵەتی برینداربوونی سوختبەرانی بەلوچ لە ناوچەکانی بەلوچستان تۆمار کراون. ئەم ڕووداوانە لە ئەنجامی تەقەکردن و ڕاونانی هێزەکانی ڕژێم، ڕووداوەکانی هاتوچۆ و تەقینەوەی مینی چێنراو لە ناوچە سنوورییەکاندا ڕوویان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بەپێی «تۆڕی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی بەلوچستان»، لەم ماوەیەدا لانیکەم ١٢ سوختبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان ڕاونانی هێزەکانی ڕژێم گیانیان لەدەستداوە و ٣ کەسی تریش بریندار بوون. هەروەها ١٦ سوختبەری دیکە لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستداوە و ٤ کەسیش بریندار بوون. لەنێو قوربانیانی ئەم ڕووداوانەدا، ناوی دوو منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵیش تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سوختبەرێکی بەلوچیش بەهۆی تەقینەوەی مینی چێنراو لە ناوچە سنوورییەکاندا گیانی لەدەستداوە.
ئەم ڕاپۆرتە دەڵێت هێزەکانی ڕژێم لە چوار حاڵەتی جیاوازدا تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی سوختبەران کردووە، کە ئەم حاڵەتانە زیانی گیانی یان برینداربوونی لێنەکەوتووەتەوە. جگە لەمەش، لە دوو حاڵەتی تردا چەکدارانی نەناسراو (ڕێگرەکان) تەقەیان لە سوختبەران کردووە کە لە ئەنجامدا سوختبەرێک گیانی لەدەستداوە.

«تۆڕی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی بەلوچستان» لە بەشی شیکاریی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت کە سوختبەری لەنێوان هاووڵاتییانی بەلوچدا هەڵبژاردنێکی ئازادانە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بارودۆخی سەختی ئابووری، بێبەشکردنی پێکهاتەیی و نەبوونی هەلی کاری بەردەوامە لە ناوچەکەدا. بەپێی نووسراوی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرێک لە هاووڵاتییانی بەلوچ بەهۆی نەبوونی کار و گەشەنەکردنی ناوچەکە، ناچارن ڕوو لەم دیاردە پڕمەترسییە بکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سوختبەران لە ڕێگا سنوورییەکاندا هەمیشە لەگەڵ مەترسیگەلێکی وەک تەقەکردن، ڕاوەدوونان، وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل، ڕووداوەکانی هاتوچۆ، تەقینەوەی مین و هێرشی چەکداران ڕووبەڕوون؛ دۆخێک کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەیان کوژراو و ئازاردراوی لێکەوتووەتەوە.

ئەم دەزگای مافی مرۆڤە لە کۆتاییدا دەڵێت کە بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی لەگەڵ دیاردەی سوختبەریدا، بەبێ سەرنجدان بە ڕەگ و هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی، نەبووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکان، بەڵکوو هێشتاش گیانی هاووڵاتییانی بەلوچ دەخاتە مەترسییەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

دیاریکردنەوەی سەرلەنوێی جەلاد بۆ سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەری

د جولای 6 , 2026
بەگوێرەی ئەو حوکمەی کە گۆیا لەلایەن موجتەبا خامنەییەوە دەرچووە، غوڵامحسێن موحسینی ئێژەیی جارێکی دیکە بۆ خولێکی پێنج ساڵە لە پۆستی سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا دەمێنێتەوە. ئەم دەستنیشانکردنە، بەپێچەوانەی ڕواڵەتە ئیدارییەکەی، هیچ مانایەکی نییە جگە لە بەردەوامیی سیاسەتێک: ڕژێمێکی کە کاریگەرترین ئامرازی سەرکوتکردنی خۆی لە شوێنی خۆیدا دەهێڵێتەوە، لەبەر ئەوەیە […]

بابەتی پەیوەندیدار