بانە؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

جەلال سوهرابی کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری ئەم شارە گیانی لەدەستدا. ئەم کۆڵبەرە ٩ مانگ پێشتر لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لەم سنوورە بریندارببوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەمە ١٣ی گوڵانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری «سورکێو»ی بانە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران بە تەقە کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا.
ناسنامەی کۆڵبەری گیانبەختکردوو «جەلال سوهرابی» نزیکەی ٤٠ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی «تاژان»ی سەربە شاری بانەیە.
ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی ٢ منداڵ بوو. تەرمی ئەم کۆڵبەرە ئێستا بۆ تەواوکردنی قۆناغی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی شاری بانە گواستراوەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەمە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری «سورکێو»ی بانە برینداربوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «جەلال سوهرابی» کوڕی کەریم و خەڵکی گوندی «تاژان»ی سەربە شاری بانەیە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

ج مه 3 , 2024
ڕۆژی جیهانی کرێکار لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهان بە شێوەی ڕێپێوان و کۆڕ کۆبوونەوەی گەورە، بەڕێوە چوو. زیادکردنی حەقدەست، ڕاگرتنی جینۆسایدی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە، دروشمی هاوبەشی زۆربەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار بوو. بەڵام لە هەموو وڵات و ویلایەتێکدا هاوکات کۆمەڵێک داواکاری تایبەتیش خرانەڕوو. لە ئەمریکا خۆپیشاندەران هێرشی دڕندانەی پۆلیس بۆسەر […]

You May Like