دوو تازەلاوی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شاری مهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی شاری ورمێ گوازرانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٣، دوو تازەلاوی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی خەڵکی گوندی “سەهۆڵان”ی سەر بە شاری مهاباد، پاش بانگهێشتکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرانەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژێک پێش دەستگیرکردنی ئەو دوو تازەلاوە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی پشکنینی ماڵەکانیان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هەر دوو ناوبراو. بنەماڵەکانی ئەم دوو تازەلاوە تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی منداڵەکانیان بەدەست بێنن.
تا ساتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەم دوو هاوڵاتییە، ڕوون نیین.