بۆکان؛ ئازادیی ئەحمەد حەسەنزادە یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان

ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی موحەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا، پاش تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە زیندانی شاری بۆکان ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە یەکی گوڵانی ١٤٠٤، ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی موحەممەد حەسەنزادە و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانه بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، پاش تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە زیندانی شاری بۆکان ئازادکرا. ئەحمەد حەسەنزادە، پاییزی ساڵی ١٤٠٣، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای شاری بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر مەهدی فەخری بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» لە ڕێگەی ئامادەبوونی مەیدانی بۆ هاندانی کاسبکاران بۆ مانگرتنی گشتی لە دووهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانی ژینا دا بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری سزادرابوو. ڕۆژی سێشەمە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەحمەد حەسەنزادە، بۆ تێپەڕاندنی سزای ٣ مانگە زیندانی کرانی خۆی، دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندی شاری بۆکان گواسترابۆوە.

ئەحمەد حەسەنزادە، ڕۆژی یەکشەمە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، لە دووهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکانەوە لە بەرامبەر ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا. ڕۆژی سێشەمە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، ئەحمەد حەسەنزادە بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازادکرا.

شایانی باسە، ئەحمەد حەسەنزادە لەگەڵ کچەکەی سۆڵماز حەسەنزادە، لە ڕۆژی سێشەمە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و ڕۆژی دواتر بە دانانی بارمتەی ٤ ملیار تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی گیانبەختکردوو «موحەممەد حەسەنزادە» تا ئێستا دەستبەسەرە و لە بەندی ژنانی زیندانی شاری ورمێ زیندانی کراوە.

ئەحمەد حەسەنزادە و سۆڵماز حەسەنزادە، لە ساڵی ١٤٠٣، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کران.

«موحەممەد حەسەنزادە» ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ و لە سەردەمی شۆڕشی ژینا دا لە شاری بۆکان، بەتەقەی گولڵەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ورمێ؛ لەسێدارەدانی نهێنییانەی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلو لە زیندانی شاری ورمێ

س آوریل 22 , 2025
حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلو، لە زیندانی شاری ورمێ بە شێوەی نهێنییانە لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لەسێدارەدرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز و بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ و میدیا فەرمییەکانی ڕژیمی تاوانباری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلو، زیندانیی سیاسی کورد، ئێوارەی دووشەمە ٢١ی ئەپریلی ٢٠٢٥ «یەکی گوڵانی ١٤٠٤» بە […]

You May Like