
دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق، ململانێ لەسەر دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان چڕتر بووەتەوە. بەڵام واقیعی بابەتیی ئەولاترە لەو ململانێیانە. لە عێراقی ئەمڕۆدا حکوومەت تەنیا یەک ناوەندی نییە. ئەوەی لە ڕاستیدا وڵات بەڕێوە دەبات یان بە واتایەکی تر کۆنترۆڵی وڵات دەکات، پێکهاتەیەکە لە چەندین ناوەندی هێزی ڕکابەر. ناوەندگەلێکی کە هەرکامەیان خاوەنی بەشێک لە هێز و پارە و پشتیوانی دەرەکین. لەناو ئەمانەدا حکوومەتی فەرمی، تەنها یەکێکە لەو ناوەندانەی کە هاوتەریب لەگەڵ وردە دەوڵەتەکانی تر حوکمڕانی دەکات. حکوومەتی فەرمیی بە کردەوە لەگەڵ چەند ئاستەنگێکی بنەڕەتی بەرەوڕووە لەوانە: ئەرتەشێکی کە لە شەڕی داعشدا سووک و لاواز بوو، دامەزراوە ئەمنییە دابەشبووەکان و ئابوورییەکی نوقمی گەندەڵی و قەرزداریی. چەندین گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە چەند سەد هەزار هێزی چەکداری تەیار بە چەک و چۆڵی پێشکەوتوو، ڕێکخراوی یەکگرتوو، سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ و تەنانەت زیندانیش، دەسەڵاتێکی هاوتەریبیان دروستکردووە کە لە ئاست حکوومەتدا وەڵامدەرەوە نین. ئەمە بەو واتایەیە کە قۆرخی هێز و دەسەڵات کە بنەمای هەر دەوڵەتێکی ئاسایی بۆرژوازییە، لە دەستی حکوومەتی ناوەندیدا نەماوە و کەوتۆتە دەستی ئەو هێز و لایەنەکانی لایەنانەی کە لە ئابوورییەکی ناڕوون، باج وەرگرتن و بەشداری سیاسیی کەڵک وەردەگرن و بەشێکی بەرچاویان لە ژێر کاریگەریی کۆماری ئیسلامیدان.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم ناوەندانەی دەسەڵاتدا، هێز و هەیمەنەی ئایەتوڵڵا سیستانی، ڕێبەر و پێشەوای شیعەکان هەیە. لەو شوێنەی کە حکوومەت و پاڕلمان بڕیار دەردەکەن، بەڵام پێشەوایەکی ئایینی دەتوانێت بە فەتوا ئاراستەکەی بگۆڕێت. جگە لەوەش، موقتەدا سەدر، یەکێکی تر لە پیاوە ئایینەکانی شیعەمان هەیە، کە بە پشتبەستن بە کاریگەریی نەریتی بنەماڵەیی لە نێو بەشێکی زۆری شیعەکاندا، هەر جارنا جارێک بە هەڵوێستە دژبەیەکەکانی، پڕۆسەی سیاسی تێکدەدات و بە بەشی خۆی هاوسەنگی هێز بە قازانجی ئەم یان ئەو باڵی دەسەڵاتدار دەگۆڕێت. بەڵام ئەمە تەواوی چیرۆکەکە نییە. کۆنترۆڵی دراوی نیشتمانیی عێراق لە دەست بانکی ناوەندی ئەمەریکادایە و بەم هۆیەوەپێگەی وەک یەکێک لە دراوە سەقامگیرەکانی ناوچەکە جێگیر بووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەرکاتێک دەوڵەتی ئەمریکا بیەوێت دەتوانێت ئابووری ئەم وڵاتە تووشی شکست و داڕمان بکات. جگە لەوەش بوونی گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەمریکا و پاشماوەی هێزە سەربازییەکان، بەشێکن لە پڕۆسەی بڕیاردانی ڕاستەقینە لە عێراقدا. گوشارەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و بەڕێوەبردنی ئەمنییەت و کاریگەری لەسەر حکوومەتی فەرمی لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە، بەشێکە لە واقیعی حوکمڕانی لەم وڵاتەدا.
بەشێک لە عێراق لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە، لە حاڵێکدا کە حکوومەتی هەرێمیش بە دەست نایەکگرتوویی و دابەشبوونەوە دەناڵێنێت. فراکسیۆنەکان کە هەریەکەیان نوێنەرایەتی لایەنێکی چەکدار دەکەن و یاسادانان لە ژێر سێبەری هەڕەشە و تۆقاندن و ڕێککەوتنی دەرەکیدا ئەنجام دەدرێت. لەسەر ئاستی حکوومەتی فەرمی، دابەشکردنی دامودەزگاکانی دەسەڵات نەک لەسەر بنەمای دێموکراسی لە سیستمێکی ئاسایی پەرلەمانیدا، بەڵکوو لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە. ئەمەش بەو مانایەیە کە سەرۆکی دەوڵەت دەبێت شیعە بێت و سەرۆکی پاڕلمان سوننە و سەرۆککۆماریش کە پێگەیەکی ڕێوڕەسمییە، دەبێت کورد بێت. دەوڵەتی تورکیا بەشێک لە ناوچەکانی باکوری هەرێمی کوردستانی تا قوڵایی ٥٠ کیلۆمەتر داگیرکردووە و تەنانەت سامانە سروشتییەکانی ئەو ناوچانەش تاڵان دەکات. بەشێکی زۆریش لەو ناوچانە لە زنجیرە چیای قەندیل کە زیاتر لە ٤٠٠ گوند لەخۆدەگرێت، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پەکەکەدایە. لەسەر بەستێنی ئاوا دۆخێکی ئاڵۆزدا، بوونی داعش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و سوننەنشین، لە شێوەی تاقم و گرووپی چەکداردا، بوونی خۆی پاراستووە و ژیانی دانیشتووانەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
بەڵام بەردەوامبوونی ئەم دۆخە واتا قووڵبوونەوەی هەرچی زیاتری کەلێنی کۆمەڵایەتی، هەژاری، بێ ئاسۆیی، سەرکوت و حوکمڕانییەکی کۆنەپەرستانە. حکوومەت لەبری نوێنەرایەتی هاووڵاتیان، بووەتە ئامراز و میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی غەنیمەت لە نێوان باڵە جۆراوجۆرەکان، لە ئەنجامدا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی ئەوەی لە عێراق پێی دەوترێت دەوڵەت لە پلەی یەکەمی دەوڵەتە گەندەڵەکانی جیهاندایە. هەر جارە لەم وڵاتەدا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، جگە لەو ساختەکاری و گەندەڵییەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتەدا شتێکی باو و ئاساییە، کاتێک حیزبەکان هێزی چەکداریان هەیە، سیاسەت نابێت بە کێبڕکێ لەسەر بەرنامەکان، بەڵکوو دەبێت بە کێبڕکێی هێز و هەیمەنە.
لە ئاکامدا ئەگەر هەڵبژاردنەکان بە ڕواڵەت شێوازێکی ڕکابەریش بەخۆیەوە بگرێت، پێکهاتەی دەسەڵات ناگۆڕێت، چونکە کاریگەری هێز و پارە، لە سندوقەکانی دەنگدان زیاترە. لەم وڵاتەدا یاسا بە مەرجێک جێبەجێ دەکرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندی ناوەندەکانی دەسەڵاتدا ناکۆک نەبێت. نیگەرانی ڕاستەقینە ئەوەیە ئەم ئاراستەیە کە خۆی بەرهەمی شەڕێکی خوێناوی ناوخۆییە کە زیاتر لە ملیۆنێک کوژراوی لێکەوتەوە، دەتوانێ شەڕ و ماڵوێرانییەکی ناوخۆی نوێی لێبکەوێتەوە.
براوەی دۆخێکی بێسەرەوبەرەی لەو شێوەیە بریتین لەو حیزب و لایەن و هێزە نیزامیانەی کە لە گرێبەست، گومرگ، نەوت، ئاوەدانکردنەوە، قاچاخ، هەندێک لەو چین و توێژە سەرمایەدارە بازرگان و بەڵێندەرانەی کە خۆیان لەگەڵ نائەمنی و گەندەڵیدا گونجاندووە و هەروەها هێزە دەرەکییەکان و لەوانەش کۆماری ئیسلامی ئێران، کە عێراقێکی دابەشکراوی کردووە بە گۆڕەپانێکی موزایەدە و سات و سەودای ناوچەیی و نێودەوڵەتی. زەرەرمەندی سەرەکیش کرێکاران، بێکاران، گەنجان، پەراوێزنشینان، هەژارانی ناو شارەکان و هەروەها ئەو ژنانەن کە دیل و گرفتاری داب و نەریتە کۆنەپەرستانەکانن. بارودۆخێکی لەم شێوەیە بە هیچ سیستەمێکی هەڵبژاردن ڕێگە نادات، تەنانەت ئەگەر بە بەراورد بە ڕابردوو ڕواڵەتێکی دێموکراتیکتریشی هەبێت، ئەو سیستەمی دابەشکارییەی دەسەڵاتی ئێستا بگۆڕێت. دڵخۆشکردن بە ڕۆڵی کارای دەوڵەتی ئەمریکا بۆ یەکدەستکردنەوەی دەسەڵات لەم وڵاتە، کە ئەوەش بێ گومان جگە لە سەرهەڵدانی شەڕێکی خوێناوی ناوخۆی و دەستپێکی کوشتار و ماڵوێرانییەکی دیکە هیچ ئاکامێکی تری لێناکەوێتەوە، گەشبینییەکی زیانبەخشە. لەم حاڵەتەشدا ڕۆتینی ژیانێکی ئاسایی لە خەڵک زەوت دەکرێت و کۆمەڵگای عێراق دەخاتە ناو گێژاوی هەژاریی، نائەمنیی و قەیرانێکی وێرانکەرترەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، لە هەلومەرجی ئێستای عێراقدا، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، بە ئەزموون وەرگرتن لە شکستی بزووتنەوەکانی بەهاری عەرەبی و ئەڵبەتە پێشهاتەکانی ئێران و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، ئەو داهاتووە گەشەیە کە لە عێراقیشدا دەتوانرێت جێگەی هیوا و ئومێد بێت.

