“فەرشاد فەرەجی”، هاووڵاتی خەڵکی شاری تێکاب، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ سزای زیندانییەکەی بۆ زیندانی میاندواو گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، فەرشاد فەرەجی هاووڵاتی خەڵکی شاری تێکاب لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕژیم بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانی ساڵێک و دوو مانگی ئەم هاوڵاتییە، ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ زیندانی شاری میاندواو گواسترایەوە. دەگوترێت پێشتر، بڕیاری دەستبەسەریی فەرشاد فەرەجی بۆ گواستنەوەی بۆ زیندان دەرچووە و هاوکات هەژماری بانکی ناوبراو داخراوە. ئەم هاوڵاتییە لەکاتی سەردانی بۆ یەکێک لە بانکەکان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکراوە.
فەرشاد فەرەجی لە پاییزی ئەمساڵدا، لەلایەن دادگای ئینقلابی تێکاب بە سەرۆکایەتی دادوەر «حەزرەتی»، بە تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژی ڕژیم» «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری» بە ساڵێک و دوو مانگ زیندانیی تەعزیری سزادرابوو.
ئەم هاوڵاتییە پێشتر لە ٢٩ گوڵانی ١٤٠٤، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکراوە. لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا، پشکنینی ماڵەکەی کراوە و تەلەفۆنەکەی دەستی بەسەردا گیراوە. ناوبراو پاش دوو ڕۆژ دەستبەسەریی و ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکەی، لە ٣١ گوڵانی ١٤٠٤، بە دانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەن بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

