بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان، لە گوندی چەشمیدەری هەورامانەوە دەست پێدەکات

کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٤٠٣ و دەستپێکی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی. ئەم ڕۆژانە خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز ئامادە دەکەن. لەم نێوەندەدا گوندی (چەشمیدەر)ی سەر بە سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستان، پێشەنگی دەستپێکی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزە. ڕۆژی چواری ڕەشەمە بە ناوی ڕۆژی توانەوەی بەفر و بەستەڵەک و پشکوتنی شکۆفەکان، وەک نەورۆز لەم گوندە جەژن دەگیرێت. هەموو ساڵێک بە هەزاران کەس لە گوندەکانی دەوروبەری هەورامانەوە بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە دەکەن. هەموو ساڵێک بە هەڵکردنی مەشخەڵ و داگیرساندنی ئاگر و سەما و هەڵپەڕکێی جوانی کوردی ژنان و پیاوان، دەست لەناو دەستی یەکتر، هاوڕێ لەگەڵ گۆرانی و ئاوازی کوردی، بەڕێوە دەچێت. لە ڕۆژەکانی کۆتایی هەموو ساڵێک و بەتایبەت دوا چوارشەممەی کۆتایی ساڵ کە بە چوارشەممە سووری ناسراوە، لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز یەک لە دوای یەک بەڕێوە دەچن.
 
نەورۆز لە زومرەی ئەو بۆنانەیە کە لە کوردستان حاڵ و هەوایەکی دیکەی هەیە. لە ماوەی ٤٦ ساڵی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، نەورۆزی کوردستان بەردەوام بۆنەیەک بووە کە تێیدا خەڵک وێڕای جەژنگرتن و شادیکردن، هاوکات یەکگرتوویی و هاوپشتی خۆیان تاقی دەکەنەوە و پەیامی خۆیان بە زمانی شێعر و سروود و هەڵپەڕکێ و گۆرانی و شادی، لە بەرامبەر فەرهەنگی باوی کۆماری ئیسلامیدا، بە گوێی هەموان دەگەیەنن. بەرپرسانی ڕژیم نەورۆز بە نەریتێکی پێچەوانەی ئاینی ئیسلام دەزانن. بەم هۆیەوە بەردەوام هەوڵیان داوە کە بە هێزی سەرکوت و پڕوپاگەندە، ئەم نەریتە لە کۆمەڵگای ئێران بسڕنەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە دژایەتی لەگەڵ کلتوور و داب و نەریتێکی ئاوا جێکەوتوو لە کۆمەڵگای ئێران کارێکی ئاسان نەبووە، بەرپرسانی ڕژیم لە ئاست خۆڕاگریی خەڵکدا بەرەبەرە لە هەڵوێستی خۆیان لەم بوارەدا پاشەکشەیان کرد و هەوڵیان داوە لانیکەم سنوورداری بکەن. بەڵام هەر پاشەکشەیەکی ڕژیم لە هەمان کاتدا پێشڕەوی خەڵکی بەدواوە بوو. دژایەتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بەم ڕۆژانە هەستی خۆڕاگریی لە نێو خەڵکدا بەهێز کردووە و بە کردەوە ئەم ڕێوڕەسمانەی لە کوردستان بەسیاسی کردووە.
هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیک بوونەوە لە کۆتایی ساڵ و ئامادەبوونی جەماوەر و بەتایبەت لاوان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، بەرپرسانی هێزی ئینتیزامی، ئەمنی و جێبەجێکار و دام دەزگاکانی پڕوپاگەندەی ڕژیم دەکەونەخۆ بۆ ئەوەی نەهێڵن هیچ چەشنە کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بەم بۆنەیەوە شکڵ بگرێت، لەم ڕۆژانەدا نەهێڵن پێکەنین و شادی و خۆشی ئاوێتەی هیچ کۆڕ کۆمەڵێک بێت. ئەوان کە تەنانەت لە سێبەری خۆشیان دەترسن، نیگەرانن لەوەی کە ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەکانی خەڵک ببێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی ڕژیم.
 
ڕژیمی ئیسلامی لە جەژن و شادی خەڵک دەترسێت. ئەم ڕژیمە نەک هەر لە نەورۆزدا، بەڵکوو بە درێژایی ساڵ نایهەوێ بزەی شادی و خۆشی بکەوێتە سەرلێوی خەڵک، خەمۆکی و نائومێدی و بێ هیوایی خەڵک، هۆکار دەبێت بۆ درێژەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی. ئەم ڕژیمە کۆمەڵگایەکی ملکەچ و گوێڕایەڵی دەوێت کە تێیدا مرۆڤەکان لە ئاست ئەو چارەنووسەی کە ڕژیم بۆی دیاریکردوون، سەر دابنەوێنن. ڕێوڕسمەکانی هاوسەرگیری بە بیانووی ئەوەی کە تێیاندا حیجابی ئسلامی ڕەچاو ناکرێت و مەودای نێوان ژن و پیاو لەبەرچاو ناگیرێت، تێکدەدات. ڕێگری دەکات لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرت و مۆسیقا. ئەو گەنج و لاوانەی کە لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە و ساتێکی خۆش بەیەکەوە بەسەر دەبەن، دەداتە بەر ئەزیەت و ئازار و سوکایەتیان پێدەکات. لە ڕاستیدا ئەگەر دونیا بە ویستی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بوایە، ئەم کۆمەڵگایە دەبوو بە درێژایی ساڵ و هەموو ڕۆژێک بە بیانووی جۆراوجۆر ڕەشپوش و ماتەمبار بێت. بەڵام زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە لە ئاست ڕژیمی ئیسلامیدا سەریان دانەنەواندووە. هەروەک دەبینین، سەرەڕای هەڕەشە و تەنانەت گرتن و زیندانی کردنیش لەم پێوەندییەدا، خەڵک لە سەرتاسەری ئێران هیچ گرنگییەک بەو دژایەتیانە نادەن. مۆسیقا و هونەر و گۆرانی و سەما و شادی لە حەشارگەکان هاتوونەتە دەرەوە. مەراسمەکانی چوارشەممە سووری و نەورۆز لە زومرەی ئەوانەن. لە بەرامبەر فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی زاڵدا، خۆڕاگریی پێشکەوتنخوازانە سەریهەڵداوە.
 
ئەزموونەکان نیشانیان داوە کە ئەگەرچی کردەوە سەرکوتگەرانەکانی ڕژیم  ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی لە کوردستان تا ڕادەیەک لەگەڵ ئاستەنگ بەرەوڕوو کردووەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە ڕێگری لە بەڕێوەچوونیان بکات و خەڵک لەم بوارەدا ئەزموونی زۆریان بەدەست هێناوە و بە شێوازی جۆراوجۆر و لە شوێن و کاتی گونجاو، ڕێوشوێن و بەربەستەکانی ڕژیم تێدەپەڕێنن.

کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر شادی و خۆشی و چێژ وەرگرتنی خەڵک لە ژیان، سەری لە بەرد کەوتووە و هەوڵەکانی لەم بوارەدا بێهوودە و بێ ئاکام بووە. ئەم چێژ وەرگرتن و هیواداربوون بە ژیان، ڕێک ئەو هێزەیە کە ترسی خستووەتە دڵی ڕژیمەوە.
 
لە نەورۆزی ئەمساڵی خەڵکی کوردستاندا، بە کوێری چاوی دوژمنانی شادی و ئازادی، کچان و کوڕان بە پۆشینی جلوبەرگی ئاڵ و واڵا و شادی بەخش، بەڕێوەبردنی نمایشی هونەریی، هەڵپەڕکێ و ئاواز و گۆرانی ناوچەیی و داگیرساندنی ئاگری نەورۆز، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی خۆیان بەڕێوە دەبەن. جەژنەکانی نەورۆزی ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو ئاستەنگ و لەمپەرەکانی دژایەتی ڕژیم، تێدەپەڕ دەکات و دەبێتە یەکێکی تر لە دیمەنەکانی خۆڕاگری جەماوەر و هێمایەکی دیکەی شۆڕشی ڕزگاریبەخشی ژن، ژیان، ئازادی.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ بەردەوامی دەستبەسەرکران و بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئەفشین حسێن پەناهی لە زیندان

ش فوریه 22 , 2025
«ئەفشین حسێن پەناهی»، برای ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و لە زیندانی شاری سنە بەسەر دەبات. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەفشین حسێن پەناهی، برای ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە […]

You May Like