عەلی محەمەدی، باوکی شەهریار محەمەدی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەمە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، عەلی محەمەدی، باوکی شەهریار محەمەدی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادوەر ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەر کردووە. تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەستبەسەری، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە نادیارە.
شەهریار محەمەدی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ئاخێزی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری ئەم شارەدا و پاش کوژرانی هاوڕێکەی محەمەد حەسەنزادە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیم ناسرایەوە و بەدوای کەوتن. هێزەکانی ڕژیم بۆ کوشتنی ناوبراو لە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە شەقامێکی شاری بۆکان لە فلکەی عەلی ئاوا تا بەهزیستی شاری بۆکانیان داخستووە و گەمارۆی ئۆتۆمبێلی تایبەتی شەهریار محەمەدی درا و بە گوللەی جەنگی تەقەیان لێکردووە و ئۆتۆمبێلەکەیان کون کون کردووە. هێزەکانی ڕژیم پاش تەقەکردن لەم ناڕەزایە بەهۆی جەماوەر و زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێهێشت و شەهریار محەمەدی پاش بیست خولەک هاواری بۆ ناوی دایکی دەکرد و داوای هاوکاری دەکرد. ئەم گەنجە ناڕەزایە چل خولەک پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی «قولی پوور» و سەرەڕای ئەنجامدانی نەشتەرگەری، گیانی لەدەستدا.