سەجاد سەعادەتنیا، کاسبکارێکی «شوتی» ناوچەی سەیوانی ئیلام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی خوڕەماوا بۆ بروجێرد بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخەوە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کردە ئامانج و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کوژرا. ناسنامەی ئەم کاسبکارە سەجاد سەعادەتنیا، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی گوندی میشخاس لە ناوچەی سەیوانی پارێزگای ئیلام بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پاش ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ ئەکەونە دوای ئۆتۆمبێلی ئەم هاوڵاتییە، دواجار بە ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلی ناوبراو تەقە دەکەن و دەبنە هۆی کوژرانی ئەم هاوڵاتییە. سەجاد سەعادەتنیا، خێزاندار و باوکی منداڵێکە.
شوتییەکان، کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی تایبەتن کە کاڵای هاوردە لە سنوورە نافەرمییەکانەوە بۆ نێوەندی شارەکانی ئێران دەگوازنەوە. زۆرێک لە شوتیسوارەکان، کۆمەڵێک گەنجی بێکارن کە بەهۆی هەژاری، بێکاری و جیاکارییە سیستماتیکییەکانی حکومەت، گیانیان دەخەنە مەترسییەوە تا بتوانن داهاتێکیان دەست بکەوێت. یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی دیاردەی شوتیگەری لە ناوچەکانی باشوور، باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئێران بەرزبوونی ڕێژەی هەژاری و بێکاری زۆرە. جیاکاری سیستماتیکی حکومەت، نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار، لەناوچوونی کەرتی کشتوکاڵی بەهۆی کەم ئاوی و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و کێشەکانی ئابووری و بژێوی ژیان، بوونەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێکیان بە ناچاری ڕوو لەم کارە بکەن. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان بەهۆی هەژاری و بێکاری لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئێران وەکو بووشەهر بەتایبەت بەندەری گەناوە، خوزستان، کۆهگیلۆیە و بویەرئەحمەد بەتایبەت شاری گەچساران، لوڕستان، فارس، کرمان، بەلوچستان، کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕوویان کردووەتە ئەم دیاردەیە.