«جابر عەبدی»، گەنجێکی خەڵکی شاباد، یەکێکی ترە لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لەم شارەدا کە لە کاتی سەرکوتکردنی نارازیان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوولەی جەنگی هێزەکانی گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «جابر عەبدی» گەنجێکی کوردی خەڵکی شاباد، سەر بە پارێزگای کرماشان، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانی لەدەستدا. تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە خاک سپێردرا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دیار نییە کە بۆ وەرگرتنی تەرمی جابر عەبدی، خێزانەکەی ناچار بەدانی پارە یان واژۆکردنی پابەندییەکی نووسراو کراون یاخود نا؛ بەڵام پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان بە کۆڵبەرنیوزیان ڕاگەیاندبوو کە دامەزراوەکانی حکومەت بۆ وەرگرتنی تەرمی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لە کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ ملیۆن تا یەک ملیارد تمەن لە خێزانەکان وەردەگرن و خێزانەکان ناچار دەبن ئەم بڕە پارەیە بدەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە پەیوەندی بە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییەکانی شاباد، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دامەزراوە ئەمنییەکان ڕێگە بە خێزانەکان نادەن تەرمی گیانبەختکردووەکان لە گۆڕستانی ئەم شارەدا بە خاک بسپێرن، و خێزانەکان ناچاربوون کە تەرمی ئازیزانیان بۆ گوندەکانی دەوروبەر بگوازنەوە و لەوێ بەخاکیان بسپێرن.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دامەزراوە ئەمنییەکان فشاریان خستووە سەر خێزانی هەندێک لە گیانبەختکردووان بۆ ئەوەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنییە کوردەکان وەک هۆکاری تەقەکردن بناسێنن؛ هەروەها لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، هێزە سەربازی و ئەمنییەکان هێرشیان کردۆتە سەر نەخۆشخانەی شاباد بۆ دەستبەسەرکردنی بریندارانی نارەزایەتییەکان، کە بەهۆی ئەم هەنگاوەوە زۆرێک لە خێزانەکان هەوڵیان داوە کە بریندارەکان یان تەرمی گیانبەختکردووەکان بە شێوەی نهێنی لە نەخۆشخانە دەربهێنن و بگوازنەوە.

