«جەواد نیازی»، هاوڵاتی خەڵکی شاباد، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانە لەم شارە کە لە کاتی سەرکوتکردنی نارازییاب، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگیی هێزەکانی رژیم گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «جەواد نیازی» گەنجی کورد، خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگیی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانی لەدەستدا. تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گۆڕستانی گوندی «بانگەنجاو» سەر بە ناوچەی ماهیدەشت لە کرماشان بەخاکسپێردرا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ڕوون نییە کە بۆ ڕادەستکردنی تەرمی جەواد نیازی، خێزانەکەی ناچار بەدانی پارە یان واژۆکردنی ژێرنووسی پەیماننامەی نووسراو کراون یاخود نا؛ لەگەڵ ئەوەشدا، پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان بە کۆڵبەرنیوزیان ڕایانگەیاندبوو کە دامەزراوە حکومییەکان بۆ ڕادەستکردنی تەرمی گیانبەختکردووانی نارەزایەتییەکان لە کرماشان، بڕە پارەیەکی لە نێوان ٧٠٠ ملیۆن تمەن تا یەک ملیارد تمەنیان لە خێزانەکان وەرگرتووە و خێزانەکان ناچار بوون ئەم بڕە پارەیە بدەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، سەبارەت بە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییەکانی شاباد، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دامەزراوە ئەمنییەکان ڕێگەیان بە خێزانەکان نەداوە تەرمی گئانبەختکردووەکان لە گۆڕستانی ئەم شارە باخاکبسپێرن و خێزانەکان ناچار بوون تەرمی خۆشەویستەکانیان بۆ گوندەکانی دەوروبەری ئەم شارە بیانگوازنەوە و بەخاکیانبپسێرن.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دامەزراوە ئەمنییەکان ژمارەیەک لە خێزانی گیانبەختکردووەکانیان خستووەتە ژێر فشار تا پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان وەک هۆکاری تەقەکردنەکان بناسێنن و لە هەمان کاتدا، هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا بە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی شاباد، هەوڵیان داوە بریندارەکانی نارەزایەتییەکان دەستبەسەر بکەن کە لە دوای ئەم کردارانە، زۆرێک لە خێزانەکان بریندارەکان یان تەرمی گیانبەختکردووەکانیان بە شێوەیەکی نهێنی لە نەخۆشخانە دەرهێناوە و گواستوویاننەتەوە.

