محەمەد ڕەحیمی، کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەیانی ڕۆژی یەکشەمە چواری جۆزەردانی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی گەنج لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە سنووری نەوسوود کوژرا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “محەمەد ڕەحیمی” خەڵکی “بانەوڕێ” لە شاری پاوە بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
محەمەد ڕەحیمی، خێزاندارە و باوکی منداڵێک بوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لە پزیشکی یاسایی شاری پاوەیە و هێشتا بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.