ئۆتۆمبێلێکی کۆڵبەران لە ڕێگەی جوانڕۆ بۆ سەلاسی باوەجانی پاش لادانی لە ڕێگەکە وەرگەڕا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئێوارەی هەینی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ پاش لادانی لە ڕێگەکە ئۆتۆمبێلێکی پژۆ ٤٠٥ی کۆڵبەران لە ڕێگەی جوانڕۆ بۆ سەلاسی باوەجانی وەرگەڕا کە لەم ڕووداوەدا هیچ یەکێک لە کۆڵبەران و سەرنشینان زیانیان پێنەگەیشتووە. ئەم کۆڵبەرانە خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بوون.
بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچەکانی سنووری و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و برینداربوون. لەم ژمارەیە، ٣٦ کۆڵبەر (٢٥٪) کوژران و ١٠٦ کۆڵبەر (٧٥٪) برینداربوون. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ کوژران و برینداربوون، ١٢٤ کۆڵبەر (٨٧٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم بووە. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ لە سنووری کوردستان کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن. ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی زیادبوونی ٦٧٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری کوردستان بووین.