سزای بەندکردنی سروە پوورمحەمەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی نۆژین لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بۆ ٥ ساڵ بەندکردن کەم کرایەوە. ناوبراو پێشتر لە قۆناغی سەرەتایی دادگادا بە ١٠ ساڵ بەندکردن سزا درابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەپێی بڕیارێک کە لەلایەن لقی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان دەرکراوە، سروە پوورمحەمەدی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی نۆژین بە تۆمەتی ڕێکخستنی گروپ و کۆمەڵ بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات، بە ٥ ساڵ بەندکردن سزا درا. ناوبراو پێشتر لە قۆناغی سەرەتاییدا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بەم تۆمەتە بە ١٠ ساڵ بەندکردن سزا درابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ سروە پوورمحەمەدی، لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەندامانی دەستگیرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی نۆژین لە دادگای شۆڕشی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوو. ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ سروە پوورمحەمەدی، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە ناوەندی چاکسازی و فێرکاری سنە ئازاد کرا.