بڵاوکردنەوەی ئامارى گیانبەختکردووان، برینداران و دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ئێران

بەپێی ئەو ئامارەی لەلایەن «تۆڕی پرۆفیسۆر پەرستار» و بە پشتبەستن بە سەرچاوە پزیشکییەکانی ناوخۆی ئێران کە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە لایەنی کەم ٣٠ هەزار و ٢٧٤ هاوڵاتی. ئەم ئامارە، ئەو حاڵەتانە لەخۆدەگرێت کە لە نەخۆشخانەکاندا تۆمارکراون و بە جیاکردنەوەی شارەکان ئامادە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز و بەپێی ئەم ڕاپۆرتەش، زۆرترین ژمارەی گیانبەختکردووان لە شاری تاران بە ٨ هەزار و ٣٥٤ هاوڵاتی تۆمارکراوە. دوای ئەوە، شاری مەشهەد بە ٢ هەزار و ٨٩٣ هاوڵاتی، شاری ئیسفەهان بە یەک هەزار و ٩٣٥ هاوڵاتی، شاری شیراز بە یەک هەزار و ٩٢٠ هاوڵاتی، شارەکانی قوم و کرماشان هەریەکە بە یەک هەزار و ٨٥٠ هاوڵاتی، و شاری کەرەج بە یەک هەزار و ٧٥٣ هاوڵاتی لە پلەکانی دواتردان.

هەروەها ئامارى گیانبەختکردووان لە شارەکانی تر بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە:

شاری ئەهواز ١٬٠٢٠ هاوڵاتی، ڕەشت ٩٨٦هاوڵاتی، تەورێز ٦٢٠ هاوڵاتی، زاهیدان ٥٩٣ هاوڵاتی، ئەردەبیل ٤٨٩ هاوڵاتی، کرمان ٣٦٥ هاوڵاتی، ورمێ ٣٥٠ هاوڵاتی، یەزد ٣٢٦ هاوڵاتی و هەمەدان ٣٢٠ هاوڵاتی. بەگشتی، ئامارى تۆمارکراو بۆ “شارەکانی تر” ٤ هەزار و ٦٥٠ هاوڵاتی ڕاگەیەندراوە.

ئامادەکارانی ئەم راپۆرتە جەختیان کردووەتەوە کە بەهۆی پچڕان یان سنووردارکردنی توندی پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی دۆخی “حکومەتی سەربازیی ڕانەگەیەندراو” بەتایبەت لە ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکان و هەندێک لە شارەکانی کوردستان، ئامارى وردی هەموو ناوچەکان لەبەردەستدا نییە. لەم ڕووەوە، ئەو ژمارانەی ئامادەکراوە کەمترین ژمارەی گیانبەختکردووان نیشان دەدات و ئەگەری هەیە کە ژمارەی ڕاستەقینەی گیانبەختکردووان بە ڕادەیەکی زۆر زیاتر بێت.

بەپێی ئەم سەرچاوانە، ژمارەی بریندارانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ئێران زیاتر لە ٣٥٠ هەزار هاوڵاتی دەخەمڵێنرێت و ژمارەی دەستبەسەرکراوانیش دەگاتە هەزاران هاوڵاتی؛ ئامارێک کە هێشتا بە تەواوی بڵاونەکراوەتەوە.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار