شاهۆ هاشمپوور، هاوڵاتی خەڵکی شنۆ، پاش بانگهێشتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ سەرماوەزی ١٤٠٤، شاهۆ هاشمپوور، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، پاش ڕۆشتنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم هاوڵاتییە پاش دەستبەسەرکرانیی بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، شوێنیی زیندانی و تۆمەتەکانی دژی نادیارە.
شایانی باسە، عەباس هاشمپوور، باوکی شاهۆ هاشمپوور و چالاکوانیی ناوداری مەدەنی و کرێکاری، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییەکانی مەدەنی خۆیەوە دەستبەسەرکرا و فشاری ئەمنی لێکراوە.

