فەرشید عەبدوڵڵایی، ئیقبال شەعبانی، جەمال ئەسەدی و ئارمان سەلیمی، چوار کەس لە چالاکوانانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی شاری سنە بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری سنە بانگهێشت کراون.

بە پێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا فەرشید عەبدوڵڵایی، ئیقبال شەعبانی، جەمال ئەسەدی و ئارمان سەلیمی، چوار کەس لە چالاکوانانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی شاری سنە بانگهێشتی دادگا کراون. بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم چوار چالاکوانە دەبێت رۆژی سێشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری سنە ئامادە بن. شایانی باسە کە هەموو ئەم چالاکوانانە پێشتر بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانیان دەستبەسەر و مامەڵەی یاساییان هەبووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک لە هۆکارەکانی بانگهێشت و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتیانە بەردەست نییە.
فەرشید عەبدوڵڵایی باوکی هومەن عەبدوڵڵایی، هاوڵاتی ٢١ ساڵەی خەڵکی سنەیە کە لە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە پڕۆسەی راپەڕینی ژینا لە گەڕەکی حەسەنئاوای ئەم شارە بە گوللەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا.