
سێ ژنی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی «حومەیرا ئەمینپوور»، «شلێر ئەمینپوور» و «مەنیژە خۆشنوود» لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشکردنە سەر ماڵی دوو خوشک بە ناوەکانی «حومەیرا ئەمینپوور»ی تەمەن ٥٠ ساڵ و «شلێر ئەمینپوور» لە شاری بۆکان، دەستبەسەر کراون.
هێزەکانی ڕژیم هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشەدا، پشکنینیان بۆ ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە کردووە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە کەلوپەلی کەسیی ئەوانیشدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزەکانی حکوومەت بە هێرشکردنە سەر ماڵی بنەماڵەی «مەنیژە خۆشنوود» هاووڵاتیی تەمەن ٥٨ ساڵی خەڵکی بۆکان، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی چوونەتە ناو ماڵەکەوە و دوای دەستبەسەرکردنی مەنیژە خۆشنوود، دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی و ئەلیکترۆنییەکەیدا گرتووە، لەوانە لاپتۆپ، مۆبایل و ژمارەیەک لە کتێبە تایبەتەکانی.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، مەنیژە خۆشنوود پێشتریش لە ساڵی ١٤٠٣دا دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی «پروپاگەندە دژی حکوومەت» سزای ١٠ مانگ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو.
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم سێ ژنەدا، سەردان و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراون، تا ئێستا بێ وەڵامن.

